Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ڕاگەیاند.. بزانە ئەو وڵاتانە کامانەن کە داگیریان دەکات

نەخشەی خەلافەتی داعش

هەولێر-KDP.info-  ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش، ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کردن کە، کۆی وڵاتانی عەرەب و هەندێ وڵاتی ئەفریکایی و ئەورووپایی و ئاسیا لەخۆ دەگرێ و لە داهاتوودا هەوڵی داگیرکردنیان دەدات و ئەمارەت و هەرێمی سەربە ڕێکخراوەکەیان لەسەر دادەمەزرێنێ.

وەک ئەوەی کە "میسر ئەلیەوم" بڵاوی کردووەتەوە و ڕێکخراوەکە بڕیاری لێی داوە، لە ماوەی داهاتوودا ئەو وڵاتانە داگیر دەکات کە ئەمانەن: عێراق، شام، حیجاز، ئەمەن، خوراسان، کوردستان، قەوقاز، ئانادۆڵ، ئەورووپا، ئەندەلوس، خاکی کەنانە، خاکی حەبەشە و مەغریب.
ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ڕوونیشی کردووەتەوە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابەشکردنی ئەو وڵاتانە بۆ چەند هەرێمێک دابەش دەکات و هەر هەرێمێکیش چەند ئەمارەتێک لەخۆ دەگرێ، ئاماژەیشی داوە کە، هەرێمی عێراق، هەریەک لە عێراق و کوێت لەخۆ دەگرێ، هەریمی شامیش، سووریا، لوبنان، فەلەستین، ئەردەن و سینا دەگرێتەوە، هاوکات هەرێمی حیجاز، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و سەڵتەنەی عوممان لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەمەن وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەرێمی خوراسانیش هەریەک لە ئێران، ئەفغانستان و ئۆزبەکستان دەگرێتەوە.

زریان زیاد