Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: هیچ هێزێك لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە سەركەوتوو نەبووە

مووسڵ-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، هیچ هێزێك لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە كۆتایی داعشیش بە دەستی پێشمەرگە دەبێت و ئەمەیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەردەكەوێت. گوتیشی، تا بستێك خاكی كوردستان لە دەست داعشدا بێت، پێشمەرگە لە هێرشكردن بەردەوام دەبێت.

فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك لیوا (عەبدولڕەحمان كەورینی)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، ورەی داعش بە تەواوەی ڕووخاوە و توانای بەرگریكردنیان نەماوە، چونكە ئەو پشتگیرییەی لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و هەندێك لە هۆزە عەرەبە سوننەكانەوە لێیان دەكرا و خەڵكێكی خۆبەشیش بە ناوی ئایینەوە خۆیان بە كوشت دەدا، نەماوە، چونكە بۆیان ڕوون بووەوە كە ئەمانە هیچ مەبدەئێكیان نییە و تەنیا كاری ئەوان مافیایی و بازرگانیكردنە و دژی مرۆڤایەتین، بە تایبەت جۆری مامەڵەكردنیان بە شێوەیەكی دڕندانە لەگەڵ كوردانی ئێزدی و مەسیحی و كەمە نەتەوایەتییەكان.

(كەورینی) گوتیشی، هێزی پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكانەوە لە حاڵەتی هێرشبردندایە و تاوەكو یەك بست خاكی كوردستان لە دەست داعشدا بێت، لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوام دەبن، هەروەها لەسەر دەستی پێشمەرگەیش كۆتایی بە تیرۆریستانی داعش دێت.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە زیاتر ڕوونی كردەوە، هیچ هێزێك لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە كۆتایی داعشیش بە دەستی پێشمەرگە دەبێت و ئەمەیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەردەكەوێت.

بڵند ئیبراهیم