Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام له زیادبووندایە

ھەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاوەكو ئێستا حەوت وڵاتی جیهان لە ڕووی چەكەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دوێنێیش دوو فڕۆكەی پڕ لە تەقەمەنی لە ئەڵمانیاوە گەییشتنە هەرێمی كوردستان.

 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بە kdp.info-ی راگەیاند، دوێنێ دوو فڕۆكەی پڕ لە تەقەمەنی لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەییشتنە هەرێمی كوردستان و وڵاتی هەنگاریایش سەرقاڵی دیراسەكردنی ئەوەن چۆن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن و لە هەفتەی رابردوویشدا بولگاریا ئامادەیی خۆی پێشان دا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.

 

عەمید (هەڵگورد) گوتیشی، تاوەكو ئێستا هەر یەكە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئەمەریكا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، كەنەدا و ئەلبانیا چەكیان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند،چەند وڵاتێكی دیكەیش كە نوێنەراتییان لە هەرێمی كوردستان نییە، لە رێگەی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكەن.

زیاتر گوتی، لە ئێستادا تەنیا ئوستڕالیا كە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە هاوكاریی نەكردووە، بەڵام ئەوانیش لە ئێستادا دیراسەی ئەوە دەكەن هاوكاری هەرێم بن.

بڵند ئیبراهیم