Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەردۆغان: ئامادەی هەر هاوکاریێکین بۆ جەنگان دژ بە تیرۆر.. ترسی لە بەهێزبوونی یەپەگەیە

ئیستانبووڵ-KDP.info-  سەرۆککۆماری تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، تورکیا شەڕ دژبە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکات، هاوکات جەختی کردەوە کە، وڵاتەکەی پابەندی ئەو ئامانجەی دەبێت کە لەکارلادانی ڕژێمی (بەشار ئەسەد)-ە.

پێشڕەویی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو گوشارانەی لەسەر ئانکارا وەها زیاد کردن تا ڕۆڵی گەورە لەو هاوپەیمانەتییەدا ببینێ کە ئەمەریکا بەڕێوەی دەبا و گورزی سەربازی لە عێراق و سووریادا لە چەکدارانی داعش دەوەشێنێ.
(ئەردۆغان) لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا زیاتر گوتی، "چالاکانە شەڕ لەگەڵ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و کۆی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە، لە ناوچەکەدا دەکەین.. ئەمە هەمیشە لەپێشینەترین ئەرکمان دەبێ."
جەختیشی کردەوە، "هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ لەکارلادانی ڕژێمی سووریا و پشتیوانی ڕژێمی حکوومەتێکی دەستووری و پەرلەمانی دەبین کە، کۆی هاووڵاتیان تێیدا بەشدار بن و ئەمەیش کاری لەپێشینەمان دەبێ."'
ئەم هەفتەیە و لەگەڵ بەرفراوانبوونی بەرەی شەڕ، تورکیا تانک و زریپۆشەکانی ناردوونەتە سەر سنووری نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکات حکوومەت پێشنیازی داوەتە پەرلەمان تا دەستەڵاتی ئەوە بدات بە هێزە سەربازییەکان، لە دەرەوەی سنووری خۆی کردەی سەربازی ئەنجام بدات.
 
ئەمانە لە کاتێکدان کە ئانکارا، بە گومانە لەوەی کە، بێ ستراتیژێکی سیاسیی بەرفراوان، دۆخی (ئەسەد) و ئەو چەکدارە کوردانەی(یەپەگە) کە هاوپەیمانی کوردانی تورکیان(پەکەکە) و بۆ وەدەستهێنانی حوکمی زاتی سێ دەیە شەڕی تورکیایان کردووە، بەهێزتر ببن.
سەرۆککۆماری تورکیا دەشڵێ، گەڕانەوەی بە سەلامەتیی ئاوارە سووریاییەکانی تورکیا، کاری لەپێشینە دەبێ.
گوتیشی، "ئێمە کراوەین و ئامادەی هەر هاوکاریێکین بۆ جەنگان دژ بە تیرۆر. بەڵام دەبێ هەمووان لەوە تێ بگەن، تورکیا وڵاتێک نییە هەوڵ بۆ چارەیەکی کاتی بدات و ڕێیش نادات ئەوانی دی، بیقۆزنەوە."

ڕۆیتەرز - زریان زیاد