Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا لە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی سەر کۆبانییە.. گورزی توندی لە داعش داوە و شەڕی توند هێشتا بەردەوامە

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  هاوکات لەگەڵ شەڕی توندی نێوان هێزە چەکدارەکانی پەیەدە و چەکدارە تیرۆریستەکانی داعشدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان، مۆڵگەکانی داعشی لە نزیک کۆبانی بۆردوومان کردن.

سەرچاوەیەک لە کۆبانیوە بە ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریای ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گورزیان لەو هێزە چەکدارییەی داعش وەشاندووە کە کۆبانییان گەمارۆ داوە، ئەمەیش بە گورزوەشاندنێکی نایاب ناو دەبرێ کە هاوپەیمانان بە ڕۆژ ئەنجامیان داوە.
پەیامنێری ڕۆیتەرز کە لەسەر سنووری نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە، دەڵێ، دەنگی فڕۆکەی هاوپەیمانان دەبیستێ و دووکەڵێکی ڕەشیش کە بە ئاراستەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانیدا بەرز دەبێتەوە، دەبینێت.
سەرچاوەیەکی پەیەدەیش ڕایگەیاندووە، "فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ، گوندێکی بۆردوومان کردووە کە 4 تا 5کم لە کۆبانیوە دوورە، هەروەها تانکێکی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی تێک شکاندووە."
(ڕامی عەبدوڕەحمان) لە زاری سەرچاوە کوردییەکانی کۆبانیوە ڕایگەیاندووە، لەو شوێنانەی کە بۆردوومان کراون دەوڵەتی ئیسلامی کوژراویان هەبووە و خۆیان تەرمی کوژراوانی داعشیان بینیون.
لە لایەکی دیکەوە، شەڕی توند لە نێوان هێزە کوردییەکان و تیرۆریستانی داعشدا لە دەوروبەری کۆبانی بەردەوامە، بە هۆی ئەو گەمارۆیەی ڕێکخراوی دەوڵەتی بۆ سەر شارەکە کە تەنیا 2 تا 3کم لێیەوە دوورە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤیش، لە شەڕی شەوی رابردووی نێوانیاندا، لە نێو ڕیزەکانی هێزە کوردییەکە شەهید هەبووە و هاوکات لە نێو چەکدارانی داعشیشدا کوژراو هەن.