Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگدا شەهید دەبن، شەهیدی پاراستنی ئازادییەكانی جیهانن

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هاتنی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا (ئۆرسولا ڤۆن دێر لێینێ) بۆ هەرێمی كوردستان، پشتگیریی ستراتیژیی ئەڵمانیایە بۆ گەلی كورد، هاوكارییەكانی ئەڵمانیایش لە رووی مرۆیی و سەربازییەوە، جێگەی  ستاییش و دەستخۆشیی گەلی كوردن. دەشڵێت، ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگدا شەهید دەبن، شەهیدی پاراستنی ئازادییەكانی جیهانن.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) و ژمارەیەك لە ئەنداماتی مەكتەب، ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازییان لە كۆنسووڵی ئەڵمانیا دكتۆر (ئۆلیڤەر شنابرگ) كرد.

لە سەرەتای دانیشتنەكەدا كۆنسووڵی ئەڵمانیا دكتۆر (ئۆلیڤەر شنابرگ) خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشوازییە گەرمەی مەكتەبی پەیوەندییەكان دەربڕی و، جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بەرز نرخاند لە پێشڕەویكردنیان لە زۆربەی بەرەكانی جەنگدا. هەوروەها جەختی لە هاوكاریكردنی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا كردەوە.
(شنابرگ) ئەوەیشی راگەیاند كە، ئەڵمانیا بە جیددی كار بۆ بنبڕكردنی ئەو مەترسییە گەورەیەی سەر جیهان دەكات و، هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەیشی وەك تاكە هێزی زەمینی دژ بە داعش، لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە پێویست زانی.

دواتر (هێمن هەورامی) بە ناوی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای كرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییەی كە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕووی مرۆیی و سەربازییەوە گەیاندییە هەرێمی كوردستان. (هەورامی) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە هاتنی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان، جیددیبوونی ئەڵمانیا لە بنبڕكردنی تیرۆر پێشان دەدات.
لە لایەكی دیكەوە، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان دوابەرەوپێشچوونە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستانی خستە بەر باس و گفتوگۆ و گوتی، "بە هاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمان، پێشمەرگە توانیویەتی پێشڕەوییەكی باش لە هەموو بەرەكانی جەنگدا بكات و سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات".
ئەو شەهیدانەیش كە لەناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا شەهید دەبن، بە شەهیدی ئازادیی جیهانی ناوی بردن و ئاماژەیشی دا كە سەروەرییەكی گەورەیە بۆ گەلی كورد لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی زەمینیی تیرۆر دەكات.
(هێمن هەورامی) داوای كرد هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكان وڵاتی ئەڵمانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەكەدا بەردەوام بن.
لە لایەن خۆیشییەوە كۆنسووڵی ئەڵمانیا سوپاسی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ شرۆڤەكردن و شیكردنەوەی دواپێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی.