Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیاسیێک: بۆ ئەو هێزە پێکهێنراوە سەربازییە کوردییە، نابێ چاوەڕێی ڕەزامەندیی پەیەدە بکەین

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-   ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کوردی لە سووریا(ئیسماعیل حەمی) دەڵێ، ئەرکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی نییە چاوەڕوانی ڕەزامەندیی پەیەدە بکات بۆ هەڵگرتنی چەک و چوونە نێو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان، تا بەرگری پێ لە خاکەکەی بکات. گوتیشی، هەر دەستدرێژییەکیش بۆ سەر ئەو هێزە، ئەوا پەیەدە لە بەردەم مێژوو و گەلدا ئۆباڵی ئەو بەرپرسارەتییەی دەکەوێتە ئەستۆ.
(ئیسماعیل حەمی) بۆKDP.info هاوکات گوتی، "لەسەر ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردییش پێویستە، بەپەلە داوای چەک و پێداویستیی سەربازی لە ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکات."

زیاتر گوتی، "ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریایش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا، دەتوانێ چەک بگەیەنێتە شاری کۆبانی."
دەربارەی ئەوەیش کە ئەگەر پەیەدە پێکهێنانی هێزێکی سەربازی سەربە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی قبووڵ بکات، (حەمی) دەڵێ، "نابێ بۆ هەڵگرتنی چەک و بەرگریی لە خاکەکەمان چاوەڕوانی ڕەزامەندیی پەیەدە بکەین، هەر دەستدرێژیێکیش لە لایەن پەیەدەوە بکرێتە سەر ئەنجوومەنی نێشتیمانیی کوردی لەوبارەیەوە، ئەوا دەبێ لە بەردەم گەل و مێژوودا ئۆباڵەی لە ئەستۆ بگرێ."
شیاوی باسە، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردی لە کۆبانی، پێکهێنانی هێزێکی ڕاگەیاند کە مەبەست لێی بەشداریکردنە لە شەڕی ئازادکردنی ناوچەی کۆبانی.

عیماد برهۆ – زریان زیاد