Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەست چەكداری داعش لە شەڕی ڕەبیعە كوژراون.. سێ عەشیرەتی عەرەبی لە تیرۆریستان هەڵگەڕانەوە

مووسڵ-تایبەت بە kdp.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆرستانی داعش كوژراو و بریندارێكی زۆریان گەیاندوونەتە نەخۆشخانەكانی ناوشاری مووسڵ و، بە گوێرەی زانیارییەكانیش سێ عەشیرەتی عەرەبی لە چەكدارانی داعش هەڵگەڕاونەتەوە و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری مووسڵ چەكدارانی تیرۆرستی داعش تەرمی 60 كەس لە كوژراوانیان گەیەندووەتە نەخۆشخانەی مووسڵ كە لە شەڕی رەبیعە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە كوژرابوون و بریندارێكی زۆریشیان هەیە، بە جۆرێك كە لە نەخۆشخانەكان جێگەیان نابێتەوە و زۆربەیشیان برینیان سەختە و خەڵكی لە نەخۆشخانەكان دەكەنە دەرەوە، هەروەها بە زۆر پزیشكەكان بۆ چارەسەركردنی بریندارانیان دەبەن، لەگەڵ ئەوەیشدا نەخۆشخانەكانیان بە دەست كەمی داودەرمانەوە دەناڵێنن.

(مەموزینی) گوتیشی، دەنگۆی ئەوە هەیە كە (ئەبوبەكر بەغدادی) كە خۆی بە خەلیفەی رێكخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی دەزانێت، خۆی سەرپەرشتیی چەكدارانی تیرۆرستی داعش لە مووسڵ دەكات كە لە شاری رەقەی سووریا لە ترسی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان هەڵاتووە كە ماوەی چەند رۆژیكە لەلایەن وڵاتە هاوپەیمانەكانەوە بۆ لیدانی داعش دەستی پێ كردووە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14 دەشڵێت، داعش لە ناوشاری مووسڵ رێوشوێنێكی ئەمنیی توندیان گرتووەتە بەر و ترسێكی زۆریان لێ نیشتووە دوای ئەو شكستەی كە لە شارۆچكەی رەبیعە تووشی هاتن و ئێستا لە بازگەكانیان ناسنامە لە خەڵك وەردەگرن و 60 پۆَلیسیشیان دەستبەسەر كردوون.
ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، هەرسێ عەشیرەتی حەدیدی و شەرابی و جبووری، ئەوانەی كە دژایەتیی كوردیان دەكرد لە ناوشاری مووسڵ و پشتیوانی تیرۆرستانی داعش بوون، لە چەكدارانی تیرۆرستی داعش هەڵگەراونەتەوە و بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە كە چەندان چەكداریان لە یەكدی كوشتوون.
نەشوان بەرزنجی