Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاوارە و پێشمەرگە کرێچین، كەچی شوققە دەدرێتە كەسانێك کە لە دەرەوەی كەركووكەوە هاتوون.. لە 16 هەزار كەسی كێڵگەی نەوتی باكوور تەنیا 1200-یان كوردن

هەولێر-KDP.info-   قایمقامی قەزای ناوەندیی كەركووك دەڵێت، كەركووك بە شێوەیەكی دیكە عەرەبێندراوەتەوە و، خەڵكێكی زۆر لە دەرەوەی شارەكەوە هێنراون و لەسەر حیسابی ئەو پارێزگایە نیشتەجێ كراون.

قایمقامی قەزای ناوەندیی كەركووك (كامیل ساڵەیی)، لەبارەی ئەو نووسراوەی لە میدیاكاندا بڵاو كراوەتەوە كە ئاراستەی پارێزگای كەركووك كراوە، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ئێمە ئەو نووسراوەمان بۆ پارێزگاری كەركووك(نەجمەددین کەریم) ناردووە، كە بە فەرمانی ئەوان خەڵك لە شوێنەكانی دیكەوە هێنراون و لە كەركووك نیشتەجێ كراون، دیارە بە شێوەی نهێنی ئەو نووسراوەمان بۆ مەڵبەند و پارێزگا ناردووە و خۆمان نەمانداوە بە ڕاگەیاندنەكان، چونكە وەك بەرپرسێك لە شاری كەركووك نیگەرانم لەو خەڵكە زۆرەی دێتە ناو شارەكەوە، بە تایبەتی بەشێكی زۆریان لە پارێزگای كەركووكەوە ڕەزامەندی وەردەگرن، ئەگەرچی بۆ ماوەیەكی كاتییە و بۆ 12 مانگە، بەڵام ئەوە پێچەوانەیە ڕێنماییەکانە و دواتر كەس ناگەڕێتەوە، بەڵگەم هەیە لە 2006-ەوە خەڵك بە شێوەی كاتی بۆ كەركووك هاتوون، بەڵام تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە".

(ساڵەیی) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئەوانەی هاتوون، كارتی نیشتەجێبوونیان بۆ كراوە، لە دامەزراوەكاندا كار دەكەن و ناگەڕێنەوە، بەداخەوە ئەم بابەتە لە شوققەكانی "پەنجا عەلی"ـیەوە سەری هەڵدا و خەڵك بۆ ماوەی شەش مانگ مۆڵەتیان پێ درا لە شارەكەدا نیشتەجێ بن، كەچی شوققەیان لەسەر تاپۆ كراوە، لە كاتێكدا ئێمە هەزاران كەسمان هەیە ئاوارە و لە سەنگەری پێشەوەی شەڕن، كەچی كرێچین و شوققەیش دەدرێتە كەسانێك لە دەرەوەی كەركووكەوە هاتوون، ئەوەیش بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە".

دەشڵێت، "لەو نووسراوەدا باسمان لەوە كردووە كە هیچیان بۆ ماددەی 140 نەكردووە و ئەو قەرەبووەیش بۆ برا عەرەبەكان كراوە، كەسیان نەڕۆییشتوونەتەوە شوێنی خۆیان، تەنانەت هەیانە خانوویان لە كەركووك كڕیوە".
بە گوتەی قایمقامی كەركووك، "جاری یەكەم نییە نامە بۆ پارێزگای كەركووك دەنووسین و وەڵاممان ناداتەوە، داوای كۆبوونەوەمان كردووە و ئامادە نییە لەگەڵمان كۆ ببێتەوە، ئێمە مەبەستمانە باسی ئەم بابەتە گرینگانە بكەین و كۆمەڵێك پرسی گرینگ هەن كە پێویستیان بە كۆبوونەوە هەیە، بەڵام پارێزگار ئامادەی كۆبوونەوە نەبووە".
گوتیشی، "چەندان نامەم بە نێهنی بۆ پارێزگار نووسیوە، بەڵام ئەم جارە ناچار بووم بیدەمە مەڵبەند و لقەكان و ئەوانیش وایان پێ باش بوو ئەوە بدرێتە حزب و لایەنەكان و لەوێیشەوە بڵاو كراوەتەوە".
ئاماژەیشی دا كە، "بەپێی ئەزموونی پێشوومان، لە وەڵامەكانی پارێزگار بۆ ئەم بابەتە، بێئومێدین".
(كامیل ساڵەیی) ئەوەیشی خستە ڕوو، "نەوتی باكوور لە 2010-دا، 10 هەزار كارمەندی هەبوو كە 2000 كوردی تێدا بوو، كەچی لەجیاتی ئەوەی ڕێژەی كورد زیاد بكرێت، كەمی كردووە، ئەمڕۆیش لەو كێڵگە نەوتییەی باكوور 16 هەزار كەس كار دەكەن كە 1200-یان كوردن، ئەمەیش كارەساتە".
گوتیشی، "مەترسی لەسەر ڕاپرسیی كەركووك هەیە، چونكە دەبێت بە وریاییەوە خۆمان بۆ ڕاپرسی ئامادە بكەین، بەداخەوە كەس بیری لەوە نەكردووەتەوە و هەموو لایەنەكانمان ئاگادار كردوونەتەوە كە خەڵكانێكی زۆر لە دەرەوەی كەركووك بە نیازی ئەوەن نەگەڕێنەوە و ئەوەیش دەبێت حیساباتی بۆ بكەین، بەڵام جەنابی پارێزگار گوێ لەوە ناگرێت".

 

بەکر و کارزان