Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە ئازایانە هەڵمەتی بردووە.. مەحموودیە، چلبارات، سعوودیە و میشراف کۆنترۆڵ کراونەتەوە

هەولێر-KDP.INFO-  سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، لە دوو قۆڵەوە هێرشیان بردە سەر ناوچەکانی رەبیعە و زوممار و ئازایانە تیرۆریستانی داعش لە پێگەکانیان ڕاو ناوە و چەند شوێنێکی ئەو سنوورەیان لە دەست دەرهێناون.
بەرپرسێکى ناوچەکە کە نەیەویست ناوی ببرێت لە دەڤەرى زوممارەوە و بە تەلەفۆن بۆ KDP.INFO راگەیاند: "سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى رۆژئاواى دیجلە لە دوو قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر شارەدێی رەبیعە و زوممار بەرپا کردووە و لە ماوەیەکى کەمدا هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، مەحموودیە، چلبارات، سعوودیە و میشرافیان کۆنترۆڵ کردوون و  ڕەبیعەیش لە کۆنترۆڵکردنەوە نزیکە."
سەرچاوەکە زیاتر گوتی: "تیرۆریستانى داعش دواى شکستی گەورەیان لەسەر دەستى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان، پردەکانى ئەو سنوورەیان تەقاندوونەتەوە و بەرەو قەزای بەعاجى سەر پارێزگای نەینەوا ڕایانکردووە."
سەرچاوەکە ئاماژەیشی دا، تیرۆریستانی داعش لە بەرانبەر هەڵمەتی ئازایانە و قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە، خۆیان ناگرن و زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، پێشمەرگە زۆر بە ورەیەکی بەرز و قارەمانانە ‌ەڵمەتیان بۆ سەر ناوچەگەلێک بەرپا کردووە و لە پێشڕەوییشدان و  گورزی کوشندەیان لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش وەشاندووە.