Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا لە بەرگرتن بە پێشڕەویی داعش شکستی بردووە.. تا دێ گەمارۆی سەر کۆبانی توندتر دەبێ

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا ئەمشەو چەند پێگەیەکی ڕێکخراوی داعشیان لە سووریا کردووەتە ئامانج و زانیارییەکانی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤیش دەڵێ، یەکێ لە ئامانجەکان باڵاخانەیەکی شاری منبجی ژێر دەستی تیرۆریستانە و ژمارەیەک کوژراوی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام گورزەکانی ئەمەریکا، لە بەرنەگرتن بە پێشڕەویی داعش بەرەو کۆبانی،  شکستی بردووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز هاوکات بڵاوی کردووەتەوە، بە هۆی بەردەوامیی بۆردوومانی پچڕپچڕی تۆپخانەکانی داعش، دووکەڵ بەسەر ئاسمانی کۆبانیوە دەبینرێ و ئەو کوردانەیشی کە لە سەر سنووری باکووری کوردستانەوە چاودێریی دۆخی شەڕی ئەو شارە دەکەن، دەڵێن، ئەو هێزە چەکدارەی کە لە کۆبانییە کە یەپەگەیە ئازایانە بەرگری دەکەن.
کوردێک بە ناوی (ئەیهان)، لە ڕیی تەلەفۆنەوە پێوەندیی بە هاوەڵێکیەوە کردووە کە چەکدارێکە و لەگەڵ داعش لە شەڕدایە، گوتوویەتی "زۆرێک لە چەکدارانی داعش کوژراون.. تەرمەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا نابەنەوە."
لە دەروازەی سنووری مورستپیناریشەوە، دەیان گەنج بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کوردستان گەڕاونەتەوە وەک ئەوەی خۆیان دەڵێن، بۆ بەگریکردنە، بەڵام ئاوارەیەکی زۆرتر بە ئاراستەی پێچەوانەدا بەرەو باکووری کوردستان دەڕۆن."
(خەلیل) ئەندازیارێکی تەمەن 39 ساڵە و ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبانیوە ڕایکردووە، دەڵێ "هەمووان بە هۆی تۆپبارانەوە ڕادەکەن.. گوێمان لێ بوو کە خەڵکێک شەهید بوون."
ئەو ئەندازیارە زیاتر گوتی، "هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل چەکی بچووک و سووکیان لە دەستە، بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی تانک و تۆپی گەورەیان پێیە."
بەرپرسێکیش لە نێو کۆبانیوە دەڵێ، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باشوورەوە شارەکەی گەمارۆ داوە و 10 کم لە کۆبانیوە دوورن.
بەرپرسێکی ئیدارەی کۆبانی بە ناوی (ئیدریس ناسان) بە تەلەفۆن بە ڕۆیتەرزی گوتووە، "لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە مووشەکی داعش لە نێو شار دەدرێن.. ڕەنگە 20 مووشەک ببن." زیاتر گوتی "بە هۆی ئەو مووشەکانەوە لانی کەم سێ کەس شەهید بوون."

زریان زیاد