Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێمینكی: پۆستەكانی پارتی بۆ بەغدا یەكلا كراونەتەوە.. بە پێشنیازی زێباری ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکاندا کراوە

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پۆستەكانی پارتی لە بەغدا یەكلا كراونەتەوە. ئەوەیش دەخاتەڕوو كە، یەكڕیزیی كورد لە بەغدا گرینگە و پێویستە دابەشكردنی پۆستەكان بە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەكان بێت و كەس فەرامۆش نەكرێت.

گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، بۆ KDP.info گوتی، "پۆستەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی لە كابینەی (عەبادی)ـدا لە لایەن مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە ئاڵوگۆڕیان پێ كراوە، چونكە دوای گفتوگۆیەك بە پێویست زانرا ئاڵوگۆڕ لەو پۆستەدا بكرێت، ئەمەیش لەسەر پێشنیازی (هۆشیار زێباری) بوو، كە بێگومان ئەوەیش پێویستی بە پرۆسەی سوێندخواردن هەیە و ئێستایش ئامادەكاری بۆ ئەو سوێندخواردنە لەگەڵ پۆستەكانی دیكەدا دەكرێت".
لەبارەی پشكی كوردەوە، (ئێمینكی) ئاماژەی دا، بەپێی ئیستیحقاق بێت، كورد ستەمی لێ كراوە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ (عەبادی)ـدا چڕ دەكرێتەوە بۆ ئەوەی مافەكانی كورد بدرێن و ئەو پۆستانەی بە وەزیرەكانی كوردستان دراون، كەمن و هەوڵێكی جیددی دەدرێت ئەو پۆستانە زیاد بكرێن و جگە لە یەكێتی بە گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵیش بدرێت.
گوتیشی، "ئەم داواكاریانەی كورد لە بەغدا، لە مەكتەبی سیاسیی پارتی جەختیان لەسەر كراوەتەوە كە یەكڕیزیی كورد لە بەغدا گرینگە و دابەشكردنی پۆستەكان بە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەكان بێت و كەس فەرامۆش نەكرێت، جارێكی دیكەیش پارتی بە گرینگی زانیوە بایەخ بە پێگەی كورد لە بەغدا بدرێت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان گەرمتر و باشتر بەڕێوە ببات، هەروەها كەلێنی پێشووتر نەمێنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا لەو پەكخستنە بێتە دەر."
لەبارەی ئەگەری جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی حكوومەتی عێراق لە ماوەی 3 مانگدا، گوتەبێژی پارتی دەڵێت، "لەم سێ مانگەدا لایەنی شیعە و (حەیدەر عەبادی) بەڵێنیان بە كورد داوە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن، هەوڵیش دەدەین بەوپەڕی ئیجابییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، چونكە داواكارییەكانی كورد بۆ حزبێك نین، داوایش دەكەین پێگە و قورسایی كورد لە عێراقدا دیاری بكرێت."
گوتیشی، "لایەنەكانی دیكەی وەك یەكێتی و یەكگرتوویش سەرقاڵن كاندیدیان بۆ پۆستەكانی بەغدا دیاری بكەن، دوو پۆستی دیكەیش دەمێنن كە یەكێكیان هیی گۆڕانە و ئەوەی دیكەیش هیی كۆمەڵی ئیسلامییە، بەڵام تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە و شاندی كوردستان هەوڵ دەدات ئەم دوو پۆستە بە دەست بهێنێت."
(جەعفەر ئیبراهیم) زیاتر گوتی، "ئێستا دەرفەتی لەبار بە كورد دەدرێت و هەڵوێستیشی توند نییە، ئێمە دەڵێین كورد پابەندە بە دەستووری هەمیشەیی عێراق و بۆ پلە و پۆست نەچووەتە بەغدا، كێشەكانیش لە عێراق ئاڵۆز بوون و پێویستیان بە پشگیری و هاریكارییە، دەیشبێت تەركیز لەسەر نێوەڕۆكی خاڵەكان بكرێت، خۆ ئەگەر تا ئەو 3 مانگە بەغدا وەڵامی كوردی نەدایەوە، كورد بە یەكدەنگی هەڵوێستی دیكەی دەبێت."
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، پێشبینی دەكرێت پێش جەژن وەزیرەكان سوێند بخۆن، ئەگەر نا بۆ دوای جەژن دەمێنێتەوە و دەبێت لایەنی بەرانبەر هەوڵی ئەوە بدات كێشەكان چارە بكات.

بەكر و كارزان