Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆژ نووری شاوێس، هۆکارەکانی نەچوونی وەزیرە کوردەکانی بۆ بەغدا ڕوون کردنەوە

جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق(دكتور رۆژ نووری شاوێس).

هەولێر-KDP.info-  (د، ڕۆژ نووری شاوێس) رایگەیاند، سێ هۆکار لە پشت نەچوونی وەزیرە کوردەکانەوەن بۆ بەغدا، کە سەرەکیتیرینیان، دەبێ کاندیدەکان لە لایەن سەرکردایەتیی حیزبە کوردستانییەکانەوە هەڵبژێردرێن و بە شێوەیەکی ئوسووڵی ناوەکانیان بنێردرێتە بەغدا، هۆی دووەمیشی بۆ نەگەییشتنە ڕێژەی پێویستی وەزارەتەکانی کورد گەڕاندەوە و نەبردنە سەری ئەو بەڵێنەیش کە دەبوایە لە مانگی نۆوە بەشەبودجەی هەرێم بنێردرایە، کە هێشتا نەنێردراوە، بە هۆکارێکی دی ناو برد.
جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق(دكتور رۆژ نووری شاوێس) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ زاگرۆس تی ڤی، هۆكاری بەشدارینەكردنی كوردی لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی خستەروو و دەڵێ، "ئامادەنەبوونی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا چەند هۆیەکی هەیە، یەکەم ئەو ناوانەی کە نێردراون بۆ بەغدا، لە لایەن حیزبەکانەوە نەنێردراون، بەڵکو بەغدا لە خۆیەوە ئەو ناوانەی داون بە پەرلەمان و لەوێیش دەنگی لەسەر دراوە."
(شاوێس) ڕوونی کردەوە، "سەرکردایەتیی حیزبەکان لە کۆبوونەوەدا بوون کە پرۆسەکە ئەنجام دراوە، بۆیە ڕێگای ڕاست ئەوەیە، تا لایەنەکان کۆ دەبنەوە و ناوی وەزیرە کوردەکان کاندید دەکەن و دەیاننێرن بۆ بەغدا ئارام بگرن، بۆ ئەوەی پرۆسەکە شێوەیەکی ئوسووڵی وەربگرێت."
دەربارەی هۆکاری دووەمیش (د. رۆژ نووری شاوێس) گوتی، "ئەو ژمارەیەی بۆ وەزیرەکان دیاری کراوە، لەگەڵ پێگەی کورددا وەک نەتەوەی دووەم گونجاو نییە، چونکە نابێ ژمارەی وەزیرانی لە 20تا 22 لەسەدا کەمتر بێ، هەڵبەت لە کابینەکانی پێشووتریشدا هەر بەم شێوەیە بووە. قورسایی بەشداریی کورد لە کابینەکانی پێشووتردا لەو ڕێژەیە نزیک بووە."
هۆی سێیەمیشی وەها شیی کردەوە کە، "بەر لە متمانەدان بە حکوومەتی (عەبادی)، لە کۆبوونەوەی پارتییە کوردستانییەکاندا بەڵێنی ئەوە وەرگیرابوو کە لە مانگی نۆوە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، بەڵام بەوپێیە ئەمە بخرێتە نێو دانوستانەکەوە بۆ چۆنیەتیی کارکردنی پێکەوە لە نێوان هەردوو لادا و داخیلکردنی حیساباتی هەردوو لا، ئەگەر بیانوویشیان ئەوەیە کە چونکە وەزیرە کوردەکان دەوام ناکەن بۆیە بەشەبودجەکە نانێرن، خۆ بەڕێز (عەبادی) وەکیلێکی داناوە وەک وەزیری دارایی کە لەو وەزارەتە ئیش دەکات، لە ڕووی یاساییشەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەتوانێ ئەم بڕیارە بدات و هەوموو مانگێک بەشەبودجە بنێرێت، بە تایبەت لە مانگی 9-وە."
هاوکات گوتی، "ئەو پارەیەی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا هەیەتی، لە مانگی دووەوە یا مانگی نۆ، ئەمە پرسێکە و دەتوانین ئەوکات گفتوگۆی لەسەر بکەین، ئایا بە جارێک دەدرێ یان بە چەند چارێک و کۆی بڕی پارەکە چەندە"، زیاتر ڕوونی کردەوە، "لە دانوستانەکانی دواتردا دەکرێ لەوە تێ بگەین کە پارەی تەواوی هەر هەشت مانگەکە دەدرێ یاخوود هەندێ حیسابات دەکەن و پرسی فرۆشی نەوتی کوردستان دەکەن، ئەگەر بخوازرێ، بزانرێ حکوومەتی هەرێم چەند نەوتی فرۆشتووە و چەندێکی ئەو پارەیە دەکەوێتە سەر حکوومەتی هەرێم و چەندیشی دەکەوێتە سەر بەغدا، ئەمە پرسێکە دەتوانین قسەی تێدا بکەین و بە زووترین کات چارە بکرێ."
ئەو دووپاتیشی کردەوە، "هەنگاوی یەکەم لە ئێستادا ئەوەیە سەرکردایەتیی حیزبە کوردستانییەکان ناوی کاندیدەکانیان بنێرنە بەغدا و بدرێت بە بەڕێز (عەبادی) و ئەویش بیاندات بە پەرلەمان، تا ئەو کاندیدانە کە نوێنەری حیزب و سەرکردایەتیی پاتییە کوردستانییەکان دەبن لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، شێوەیەکی ئوسووڵی وەربگرن."