Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەرێم و بیلاڕووسیا یادداشتی لێتێگەییشتنیان واژۆ کرد

ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یادداشتی لێکتێگەییشتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بیلاڕووسیادا.

هەولێر-KDP.info-  بیلاڕووسیا و هەرێمی کوردستان، یادداشتێکی لێتێگەییشتنیان واژۆ کرد کە، پێوەستە بە كاركردنی بەیەكەوەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری بیلاڕووسیا، كە لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەش لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و وزە و تەكنۆلۆژیای زانیاری و خوێندنی باڵا بێت. هەروەها لە یادداشتەكەدا ئاماژە به ‌كاركردن بۆ زەوینەسازیی دەستپێكردنی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مینسك كراوە.

وەزیری دەرەوەی بیلاڕووسیا(ڤلادیمێر ماكێی) لە سەردانێكیدا بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "بە ئومێدین هەرێمی كوردستان ئەو تەنگژەیە تێپەڕێنێت و ناوچەكە بەرەو سەقامگیری بچێت." هیواشی خواست هەرێمی كوردستان لە بنیاتنانەوه ‌و بەرەوپێشچوونەكانی بەردەوام بێت و ئامادەییی هاوكاری و هەماهەنگیی بیلاڕووسیای لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكوه‌زیران سوپاسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بیلاڕووسیا و شاندی یاوه‌ری كرد كه‌ سه‌ردانیان له‌م كاته‌دا نیشانه‌ی پشتگیری و دۆستایه‌تییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها سوپاسگوزاری بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی كۆماری بیلاڕووسیا ده‌ربڕی، هه‌روه‌ك باسی له‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی په‌ره‌پێدانی بازاڕی ئازاد و پیشه‌سازی كرد و ئاماژه‌ی به‌و بوارانه‌ كرد كه‌ حكوومه‌تی بیلاڕووسیا ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هاوكار بێت.

لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، وەزیری دەرەوەی بیلاڕووسیا رایگەیاند: "لەم ئانوساتەدا كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، پاڵپشتی و پشتگیریی خۆمان بۆ هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین."

لە دیدارەكەدا بڕیار درا كۆمسیۆنێكی هاوبەش لە لایەن كۆماری بیلاڕووسیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان‌ دروست بكرێت و یادداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لادا واژۆ بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش یادساشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا لە لایەن جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(قوباد تاڵەبانی) و وەزیری دەرەوەی بیلاڕووسیا(ڤلادیمێر ماكێی)-وە واژۆ كرا.

له ‌نێو یادداشتەكەدا ئاماژە بە كاركردنی بەیەكەوەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری بیلاڕووسیا كراوە‌، كە لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەش لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و وزە و تەكنۆلۆژیای زانیاری و خوێندنی باڵا بێت.

هەروەها لە یادداشتەكەدا ئاماژە به ‌كاركردن بۆ زەوینەسازیی دەستپێكردنی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مینسك كراوە، كە ببێتە مایەی زیاتر پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزار. هەر لەو یادداشتی لێكتێگەییشتنەدا، ئاماژە بە هەماهەنگیی نێوان كۆماری بیلاڕووسیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاندانی كەرتی تایبەت و گشتی كراوە.