Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پەروەردە: وەزارەت فۆرمی دابەش نەکردوون.. لەمەودوا دامەزراندن بەپێی پسپۆڕی دەبێ

ھەولێر-KDP.info-  دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دابەشکردنی فۆرمی دامەزراندنی ماموستایان لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بە شێوەی گرێبەست، لە ھەندێک لە بەرێوبەرایەتییەکانی پەروەردەی ھەولێر، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو ھەواڵە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: تائێستا بە ھیچ جۆرێک فۆرمی دامەزراندنی ماموستایان دابەش نەکراوە، چونکە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرنەگیراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (فاتیح مەولەو زادە) بە kdp.infoی راگەیاند: "داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە شەشھەزار ماموستامان بۆ دابمەزرێت بەتایبەت لە بەشە زانستییەکان پێویستیمان پێ ھەیە، بەڵام تەنیا ئەنجوومەنی وەزیران بە زارەکی رازی بووە و بەفەرمی وەڵامی ئێمە نەداوەتەوە، بۆیە بۆ دەستپێکردنی دامەزراندنی ئەو ژمارە ماموستایە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی رەزامەندی دەربرێت."
(فاتیح مەولەو زادە) روونی کردەوە، بە ھیچ شێوەیەک فۆرمی دامەزراند لە ھیچ شێوێنێک دابەش نەکراوە و، ھەر فۆرمێکیش دابەش کرابێت، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە رەت دەکرێتەوە، چونکە ئەمە پێویستی بە دەرکردنی رێنمایی و رەزامەندی ئەنجوومەن ھەیە.
زیاتر گوتی، "ھەرکاتێک رەزامەندی درا، رێنمای دەردەکەین و فۆرم دابەش دەکرێت و ئەم جارەیش وەزارەت پێویستی بە چ پسپۆڕییەک بێت، ئەو کەسانە دادەمەزرێنێت، نەک ھەر کەسێک دەرچووی کۆلیژ و پەیمانگا بێت دادەمەزرێت."

بڵند ئیبراھیم