Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەعفەر ئێمینكی: دەخوازین پێوانەیەكی نێودەوڵەتیی یەكگرتوو لە شەڕی دژی تیرۆر هەبێت

هەولێر-kdp.info-  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پێشوازیی كۆنسووڵی چین لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی وڵاتی چین وەربگرین". دەشڵێت، "دەخوازین پێوانەیەكی نێودەوڵەتیی یەكگرتوو لە شەڕی دژی تیرۆر هەبێت".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، پێشوازیی لە كۆنسووڵی وڵاتی چین لە هەرێمی كوردستان (تان بانگ لین) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دانیشتنێكدا باس لە ئاسۆی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چین كرا و گرینگیی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا دووپات كرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە كۆنسووڵی چین ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پێشكەشكردنی هەر جۆرە هاوكارییەك دەربڕی، بە تایبەت لەبواری یارمەتیدانی ئاوارەكان كە لە ئەنجامی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هەروەها ئاڵۆگۆڕكرنی شارەزایییەكان  و پێشكەشكردنی هەر ئاسانكارییەكی لە بواری ڤیزا پێشان دا.
    لە بەرانبەردا جێگری سەرۆكی پەرلەمان دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، سوپاسی وڵاتی چینی كرد سەبارەت بە هەڵوێستی لە دژایەتیكرنی تیرۆر و رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی وڵاتی چین وەربگرین لە پەرەپێدانی ئابووریدا و، بە سەرسامییەوە سەیری ئەو پەرەپێدانە خێرایەی ئابووری دەكەین لەو وڵاتەدا".
سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەكەیش، جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گوتی، "ئێمە دەخوازین پێوانەیەكی نێودەوڵەتیی یەكگرتوو لە شەڕی دژی تیرۆر هەبێت و لەم رووەوە رێز لە هەڵوێستەكانی چین دەگرین".