Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆستایی: بەر لە ڕێککەوتنی لایەنەکان، کەس بۆی نییە خۆی بۆ وەزارەتێک کاندید بکات

بەغدا-KDP.info-  پەرلەمانتارێک داوا دەکات، کورد پۆستەکانی لە حکوومەتی نوێدا لە چوار وەزارەت کەمتر نەبن، بۆیە لەئێستادا گفتوگۆ لەنێوان سەرکردایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ناوەند لەبارەی ژمارەی وەزارەتەکانی کورد و جۆری وەزارەتەکان بەردەوامە، دەشڵیت، نابێت بەر لە ڕێککەوتنی لایەنەکان، کەس بۆی نییە خۆی بۆ وەزارەتێک کاندید بکات.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی(زانا رۆستایی) بە kdp.infoی راگەیاند: "تا ئێستا کورد رازی نییە بەو وەزارەتانەی پێی دراوە و داوا دەکات پۆستەکان لە چوار وەزارەت کەمتر نەبن، بۆیە لەئێستادا گفتوگۆ لەنێوان سەرکردایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ناوەند لەبارەی ژمارەی وەزارەتەکانی کورد و جۆری وەزارەتەکان بەردەوامە."
(زانا رۆستایی) گوتیشی: "دابەشکردنی وەزارەتەکان لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە و پێویستە لایەنەکان کۆ ببنەوە و ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە، بەڵام ھیچ کۆبوونەوەیەک لەوبارەیەوە نەکراوە."
(ڕۆستایی) جەختیشی کردەوە، بەر لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییە کوردیەکان، ھیچ کەس بۆی نییە بێت خۆی بۆ ھیچ وەزارەتێک کاندید بکات، چونکە دیاریکردنی کاندیدەکان پێویستە بە رێککەوتنی ھەموو لایەک بێت."

بڵند ئیبراھیم