Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لوكسمبورگ و هەرێمی كوردستان پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیان پتەو دەكەن

لوكسمبورگ-kdp.info- وڵاتی لوكسمبۆرگ و هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاویان بەرەو بەستنی پەیوەندیی دووقۆڵیی فەرمیی نێوانیان نا، ئەو هەنگاوەیش لە شێوەی كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیی وەزیری دەرەوەی لوكسمبۆرگ و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا، بەرجەستە بوو.

شاندێكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر ئاژگەیی) و بە یاوەریی راوێژكاری كاروباری یەكیەتیی ئەورووپا (زانا كوردە)، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی لوكسمبرگی كرد و لەوێ لەلایەن وەزیری دەرەوەی لوكسمبۆرگ (ژان ئاڵبۆرن) و سەرۆكی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ژان ماری فرێنتز) پێشوازییان لێ كرا.
لە سەرەتادا وەزیرەی دەرەوەی لوكسمبۆرگ بەخێرهاتنی نوێنەری حكوومەتی هەرێم و شاندی یاوەری كرد و ڕایگەیاند كە، خۆشحاڵە بۆ یەكەم جار لە وەزارەتەكەیدا پێشوازی لە شاندێكی فەرمیی هەرێمی كوردستان دەكات.
لە میانەی دیدارێكدا (دلاوەر ئاژگەیی) پوختەیەكی لە دواڕووداو و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە پێسكەشی وەزیری دەرەوە كرد.
لای خۆیەوە (ژان ئازڵبۆڕن) ستاییشی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی لێقەوماوان و هاوكات ئاماژەی بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕایگەیاند، پێشمەرگە ئەمڕۆ بە ناوی جیهانی ئازادەوە شەڕی تیرۆر دەكات.
(ئازڵبۆرن) هەروەها گوتی كە ئەوان بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی كوردستان دەڕوانن و ئەو دید و بۆچوونەیشیان هیی ئەمڕۆ نییە، بەڵكە مێژوویەكی دووری هەیە و گەلی كورد گەلێكی ئاشتیخواز و پراگماتیكن كە شایەنی پشتگیرین.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی لوكسمبورگ كرا و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دلاوەر ئاژگەیی) سڵاوی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)ـی گەیاندە وەزیری دەرەوەی لوكسمبورگ و داوەتی كردن بۆ سەردانكردنی هەرێمی كوردستان.
لە وەڵامیشدا وەزیری دەرەوە سوپاسی گەرمی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند كە، خۆشحاڵ دەبێ لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی كودستان بكات و لە نزیكەوە بە واقیعی كوردستان ئاشنا بێ.
شایانی باسە، وڵاتی لوكسمبورگ سەرەڕای بچووكی لە ڕووی پانتایی جوگرافییەوە، بەڵام ولاتێكی چالاكی یەكیەتیی ئەورووپایە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەردەوام لە چوارچێوەی یەكیەتیی ئەورووپادا پۆستی گرنگ و هەستیاریان هەبووە، نموونەی ئەوەیش ژان كلود یونكەری سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوكسمبورگە كە لە ئێستادا بە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا هەڵبژێردراوە.
كۆبوونەوەكەی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوكسمبۆرگ (ژان ئازڵبۆرن) سەعاتێكی خایاند.