Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بیلاڕووسیا پشتیوانیی گەلی كوردستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێشان دا

هەولێر-kdp.info- وەزیری دەرەوەی بیلاڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی پەرۆشی برەودانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانییەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش ئەكتیڤكردنی پرۆتۆكۆڵەكانی نێوان هەردوو لا و سازكردنی كۆڕبەندێكی ئابووریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. دەشڵێت كە، پشتیوانیی گەلی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەكەن.

وەزیری دەرەوەی حكوومەتی بیلاڕووسیا (ڤلادیمێر ماكای) لە درێژەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دیوانی پارێزگای هەولێری بەسەر كردەوە و لەلایەن پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) و جێگری پارێزگار (تاهیر عەبدوڵڵا) پێشوازی كرا.

لە دیدارەكەدا كە هەریەك لە باڵیۆزی بیلاڕووسیا لە عێراق (ئەندرێ‌ سەڤینیك) و جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دیندار زێباری) و بەرپرسی پەیوەندییە ئابوورییەكان لە وەزارەتی پیشەسازیی بیلاڕووسیا (ئەناتۆلی چاڤلۆڤیچ) و ژمارەیەك لە بزنسمان و خودان كۆمپانیای وەبەرهێنی ئەو وڵاتە ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندیی دۆستایەتی و هاریكاریی نێوان بیلاڕووسیا و هەرێمی كوردستان كرا و لە نزیكەوە ئاشنای پێشوەچوونەكانی رەوشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەولێری پایتەخت و دوایین پێشهاتەكان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و واقیعی دیموكراسی و تەبایی و كار و بەرنامە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگا بوون.
وەزیری دەرەوەی بیلاڕووسیا، جەختی لە گرینگیی پەیوەندیی دۆستایەتی و هاریكاریی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كردەوە و پشتیوانیی گەلی كوردستانیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێشان دا و ستاییشی ئازایەتی و ورەبەرزیی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی كرد و هیوای سەرفرازی و هەمیشە سەركەوتنی بۆ خواستن.
(ڤلادیمێر ماكای) دووپاتیشی كردەوە كە وڵاتەكەی پەرۆشی برەودانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانییەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش ئەكتیڤكردنی پرۆتۆكۆڵەكانی نێوان هەردوو لا و سازكردنی كۆڕبەندێكی ئابووریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بە هەماهەنگی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەردوو لا و هەوڵدان بۆ دەستپێكی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مینیسكی پایتەختی بیلاڕووسیا و چەند تەوەری دیكە.
پاشان بەیەكەوە چەند لایەنێكی قەڵای هەولێر و بارەگای كۆمیسیۆنی بووژانەوەی قەڵایان بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی بەڕێوەچوونی كار و بەرنامەكانی نۆژەنكردنەوە و بووژانەوەی قەڵا بوون كە بەم دواییە بە فەرمی لەلایەن رێكخراوی یونیسكۆ و لیژنەی كولتوورە جیهانییەكانەوە وەكو شاكارێكی مرۆیی ناسێنراو چووە لیستی كەلەپووری جیهانییەوە.

كەنعان بەهادین