Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: كردنەوەی كۆنسووڵخانەی چین لە هەولێر، سەركەوتنێكی گەورەی دیپلۆماسییەتی كوردە

هەولێر-kdp.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، لە یەكەم كۆبوونەوەیدا لەگەڵ كۆنسووڵی چین رایگەیاند، "پتەویی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتیی كۆمۆنیستی چین لە ساڵانی رابردوودا گەییشتبووە ئاستێك، كە بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵگەریی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستاندا دا". دەشڵێت، "هەبوونی نوێنەرایەتیی هەر 5 ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش، پەیوەندیی ستراتیژیی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پێشان دەدات".

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەب، ئەمڕۆ پێشوازییان لە كۆنسووڵی نوێی چین كرد.
لە سەرەتای دانیشتنەكەدا (هەورامی) بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی كردنەوەی كۆنسووڵخانەی چینی كرد و پێیشی راگەیاندن، "هاوكارتان دەبین بۆ درێژەپێدانی كارەكانتان لە رووی سیاسی و ئابووری و بازرگانییەوە لە هەرێمی كوردستاندا".
كۆنسووڵی چین (تان بانگلین) دوای خۆشحاڵییەكی زۆر لەو پێشوازییە گەرمەی مەكتەبی پەیوەندییەكان و هاوكاریكردنیان لە كردنەوەی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیان، رایگەیاند، "خۆم بە شەرەفمەند دەزانم كە وەك یەكەم كۆنسووڵی چین لە هەرێمی كوردستاندا دەستبەكار دەبم". هەروەها بە بایەخەوە باسی لە پێگەی هەرێمی كوردستان و پارتیی دیمووكراتی كوردستان كرد بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی)، كە لە ناوچەكەدا رۆڵێكی كاریگەریان لە ئاڕاستەكردنی دیموكراسییەت و مافی كەمینە و پاراستنی هەیمەنەی ئایین و ئایینزاكاندا بینیوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كۆنسووڵی چین پشتگیری و هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و گوتیشی، "لە داهاتوودا هەماهەنگی و هاوكارییەكانمان چڕتر دەكەینەوە".
(هێمن هەورامی) لە درێژەی كۆبوونەوەكەیاندا باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی پارتیی دیموكراتی كوردستان و پارتیی كۆمۆنیستی چین كرد. ڕاشیگەیاند، "لە زۆربەی سەردان و دیدارەكانماندا لەگەڵ پارتیی كۆمۆنیستی چینی داوامان كردووە بە شێوەیەكی پڕاكتیكی لە هەرێمی كوردستان دەوری خۆیان بگێڕن لە رووی سیاسی و ئابووری و بازرگانییەوە، لە مانگی چواری ئەمساڵیشدا  شاندێكی باڵا لە پارتیی كۆمۆنیستی چین هاتنە هەرێمی كوردستان و بەڵێنیان دا لە چوارچێوەی كاری دیپلۆماسییاندا گرنگی بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەن و هەروەها هەوڵی كردنەوەی كۆنسووڵخانە دەدەن، خۆشبەختانە دوای چەند مانگێك بڕیاریان دا كۆنسووڵخانە لە هەولێری پایتەخت بكەنەوە، ئەمەیش سەركەوتنێكی دیكەی دیپلۆماسییەتی كوردە".
(هەورامی) هەروەها رۆشنایی خستە سەر كردنەوەی كۆنسووڵخانەی هەر 5 ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش و گوتی، "هەبوونیان لە هەرێمی كوردستاندا، سەلمێنەری پەیوەندیی ستراتیژییە لە نێوان وڵاتانی جیهان و هەرێمی كوردستاندا".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی "پ.د.ك" بە كۆنسووڵی چینی راگەیاند، "پشتیوانی كارەكانتان لە هەرێمی كوردستاندا دەبین، ئەمەیش لە پێناو پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و چینە".