Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سێزدە ترلیۆن دیناری هەرێم لای بەغدایە.. هێشتا بڕیار نییە بەغدا مووچە بنێرێت

هەولێر-KDP.info-  بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوە دەكات، سێزدە ترلیۆن دیناری حكوومەتی هەرێم لای حكوومەتی بەغدایە. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، لەلایەن بەغداوە هیچ بڕیارێك بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران نییە.

  لەبارەی دواهەواڵی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی كوردستان، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق (د. فازڵ نەبی) بۆ KDP.info گوتی، "حەقە وەزیرە كوردەكان بچن سەردانی ناوەندی بڕیار بكەن، بۆ ئەوەی چاودێریی كارەكانی حكوومەتی هەرێم بكەن، چونكە ئێستا كەسێك نییە چاودێریی كارەكانی كوردستان لە بەغدا بكات، بە تایبەتی لە ئاستی ناوەندی بڕیاردا، لە كاتێكدا لیژنەی گفتوگۆیش نەماوە، بۆیە دەبێت لێژنەیەك هەبێت چاودێریی كارەكان لە بەغدا بكات".

گوتیشی، "وەزیری دارایی لە عێراق نەماوە و ئێستایش كەس نییە دانرابێت یان سوێندی یاسایی خواردبێت، بریكاری وەزیریش من بووم كە دەستم لە كار كێشاوەتەوە، بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەوێن كە بەداخەوە نازانن چی بكەن، بۆیە دەبێت وەزیر بڕوات و ئاگاداری ڕووداوەكان بێت لە بەغدا، چونكە بە بێ چاودێری و لێكۆڵینەوە، بەغدا بودجەت بۆ نانێرێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "هەموو مانگێگ ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار پارەی هەرێمە و بەغدا دەبێت بینێرێت كە پارەیەكی زۆر زۆرە و هیی ئەوە نیە ئێمە پشتگوێی بخەین كە ئێستا 13 ترلیۆن دینار پارەی هەرێم لای بەغدایە".
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق راشیگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە شەوی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق وەزیری پێشووی عێراقی راسپاردووە بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەم مانگە، لە راستییەوە دوورە، چونكە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران پێوەستە بە دەستبەكاربوونی وەزیری نوێی دارایی عێراق.
دەشڵێت، "ئەمڕۆ پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كردووە و هیچ باسێك بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە، چونكە جگە لە وەزیری دارایی یاخود بریكارەكەی كە ئێستایش ئەو دوو پۆستە بەتاڵن، هیچ كەس ناتوانێ ئەو بڕیارە بدات".

كارزان هەورامی و بڵند