Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات.. داوا لە کوردستانیان دەکات چاوکراوە بن

هەولێر-KDP.info-  لە ڕاگەیەنراوێکیدا، ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە ئەگەری نیازی تیرۆریستان بە ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی کە خەڵکی بێتاوان بکەنە ئامانج، سەرباری ئەوەی ئەنجوومەنی ئاساییش بەڵێنی پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان دەدات، داوا لە کوردستانیانیش دەکات، بە وریایی و چاوکراوەییەوە هاوکار بن و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەر جموجۆڵێکی گوماناوی ئاگادار بکەنەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
وریاکردنەوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانەوە
  دوای شکستە یەک لە دوا یەکەکانی تیرۆریستانی داعش لە بەرەکانی جەنگدا، تیرۆریستان لە ڕووی دەروونییەوە داڕووخاون و نائومێدانە بە نیازن پەنا بۆ کاری ترسنۆکانە ببەن. بەپێی دوازانیارییەکانی دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، تیرۆریستان بە نیازن ئەگەر لە توانایاندا بێت، خەڵکی سڤیل و شوێنە گشتییەکانی ناو هەرێم بکەنە ئامانجی کردارە تیرۆریستییەکانیان.
خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەک رێگری لە گەییشتنی مەترسی بۆ سەر سەر و ماڵی هاووڵاتیانی هەرێم دەکەین، بەڵام لە هەمانکاتدا داواکارین خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بەوپەڕی وریایی و چاوکراوەییەوە وەک هەمیشە هاوکارمان بن و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەر جموجۆڵێکی گوماناوی ئاگادار بکەنەوە. هاوکاریی هاووڵاتیانی ئازیزمان فاکتەری یەکەمی بەردەوامیی ئاساییش و ئارامیی هەرێمە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان
17/9/2014