Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانی: دەبێ ئاشتی، ئازادیخوازی و پێکەوەژیان بپارێزین.. بە هەر نرخێك بێت ناوچە داگیركراوەكان ڕزگار دەكرێن

دهۆک-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) رایگەیاند، "یارمەتیدانی جیهانی ئازاد و بەدەنگەوەهاتنی لەبەر ئەو بەها بەرزانەیە كە گەلەكەمان بڕوای پێ هەیە وەك پێكەوەژیان و ئازادیخوازی و ئاشتی كە دەبێ بە هەموومان ئەم بەهایانە بپارێزین و گەشەی پێ بدەین"، دڵنیاییشی دا كە بە هەر نرخێك بێت ناوچە داگیركراوەكان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار دەكرێن و خەڵكی ئەم ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان.

بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك و وردەكاری و چۆنییەتی یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكان و هەروەها ئەو كێشە و گرفتانەی لە قەزا و ناحییەكان و یەكە كارگێڕییەكانی ئەم پارێزگایە، ئەمڕۆ سێشەمە (سەرۆک مەسعوود بارزانی) لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و قایمقام و بەرپرسی یەكە ئیدارییەكان و سەرۆكی زانكۆكان و بەڕێوبەرە گشتییەكانی پارێزگای دهۆك كۆ بووەەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا وردەكاریی یارمەتیدانی ئاوارەكان و ئاماری ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن و كێشەكانی دابینكردنی خۆراك و تەندروستی و هەروەها كێشەی دەوامی قوتابخانەكان خرانەڕوو كە بەهۆی نیشتەجێبوونی ئاوارەكان هاتووەتە ئاراوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هاووڵاتیان و ئیدارەی پارێزگا و یەكە ئیدارییەكانی سەر بە پارێزگای دهۆكی كرد، كە هەموو توانایەكیان خستووەتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و هێمای بەوەدا كە، بارێكی زۆر گران لەسەر شانی ئەم پارێزگایەیە و بە دەنگەوەهاتنی خەڵكی پارێزگای دهۆكیش جێگەی دەستخۆشی و شانازییە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەروەها پەلاماری تیرۆریستان و لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ بەشداربووانی كۆبوونەوەكە خستە ڕوو. سەبارەت بە گرفتی ئاوارەكانیش، بە پێویستی زانی كە، وێڕای گەیاندنی بەپەلەی هاوكارییە سەرەتاییەكان كار لەسەر ئەوەیش بكرێت ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و بشپارێزرێن.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و قارەمانەتیی پێشمەرگە و یارمەتیی دۆستانی گەلی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند كە "ئێستا دەستپێشخەریی لە دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و تیرۆریستان شكستی گەورەیان خواردووە و ئەوەیش شانازییەكی مەزنە بۆ گەلەكەمان كە تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست و پاشەكشە بێن."
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە "یارمەتیدانی جیهانی ئازاد و بەدەنگەوەهاتنی لەبەر ئەو بەها بەرزانەیە كە گەلەكەمان بڕوای پێ هەیە وەك پێكەوەژیان و ئازادیخوازی و ئاشتی كە دەبێ بە هەموومان ئەم بەهایانە بپارێزین و گەشەی پێ بدەین"، بەشداربووانی كۆبوونەوەكەیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە بە هەر نرخێك بێت ناوچە داگیركراوەكان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار دەكرێن و خەڵكی ئەم ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا قایمقام و بەرپرسی یەكە ئیداریی و سەرۆكی زانكۆ و بەڕێوبەرە گشتییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك، لەبارەی باشتر بوونی گوزەرانی ئاوارەكان و دۆخی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك تێبینی و پێشنیازەكانیان خستنەڕوو و (سەرۆك بارزانی)-یش ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی پێشنیاز و تێبینییەكان بۆ ئامادەبووان شیی كردنەوە.