Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەبوونی کێشە لە نێوان (د. ڕۆژ و زێباری)-دا ڕەت دەکاتەوە.. پەرلەمانتارێک: مافی کورد لە حکوومەتی نوێدا نەچەسپاوە، بۆیە وەزیرەکان ئامادە نەبوون

بەغدا-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دەستبەکارنەبوونی وەزیرانی کورد بۆ نەدانی پشکی کورد بە تەواوەتی دەگەڕێتەوە نەک ھەبوونی ناکۆکی لەنێوان کاندیدەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستەکان.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق (رێناس جانۆ) بە KDP.infoی راگەیاند: "ھۆکاری نەچوونی وەزیرانی کورد بۆ بەغدا، بۆئەوە دەگەڕێتەوە پشکی کورد بە تەواوەتی نەدراوە و تەنیا سێ وەزارەت دراون، بەڵام ئێمە داوای چوار وەزارەتمان کردوون، لەئێستایشدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت و ھێشتا یەکلایی نەبووەتەوە."
ئاماژە بە چوونی کاندیدێکی لایەنێکی کوردی بۆ بەغدا، کە وەک (جانۆ) گوتی، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی مافەکانی کورد بکات، دەیەویست لە پەرلەمان سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام دواتر رێگەی نەدرا سوێند بخوات، (رێناس جانۆ) ڕوونی کردەوە "بە ھیچ شێوەیەک ھیچ ناکۆکیێک لەنێوان (د.رۆژ نووری شاوێش) و (ھۆشیار زێباری)-دا نییە لەسەر پۆست و لای پارتی، گرینگ پۆست نییە، گرینگ مافی کوردە، چونکە تا مافی کورد بە تەواوەتی نەدرێت، ناچین بۆ بەغدا، بەڵام بە داخەوە هێشتا مافی کورد بە تەواوەتی نەدراوە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر گوتی، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ببردرێت، نەک وەزارەتی دارایی، بۆیە ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارە ھەڵوەشێنێتەوە ھیچ کێشەیەک نامینێت، بۆیە ناکرێت خەتاکە بخەینە ئەستۆی وەزیری نوێی دارایی و کێشەی ھەشت مانگی رابردوو بکەینە هیی ئەمڕۆ."
زیاتر گوتی، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، زۆرینەی لایەنە کوردییەکان دەنگدانیان بایکۆت کرد و، تەنیا لایەنێک دەنگیان بە کاندیدانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دا، لەکاتێکدا ھیچ پرسێک بە ئێمە نەکرابوو لەبارەی دیاریکردنی کاندیدەکان، ئەمەش پێشوەختە بەو لایەنە گوترابوو دەنگ بەو دوو کاندیدە بدەن."
(جانۆ) ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا کێشەی دیاریکردنی وەزارەت وکاندیدەکان پێویستە حکوومەتی عێراق چارەی بکات و ھیچ پەوەندییەکی بە کوردەوە نییە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بە ھۆی ناکۆکی لەنێوان (د.رۆژنووری شاوێس) و (ھۆشیار زێباری)-دا لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران هێشتا وەزیرانی کورد دەستبەکار نەبوون.

بڵند ئیبراھیم