Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەنگاریا 224 تۆن فیشەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە دەنێرێت

هەنگاریا-KDP.info-  حكوومەتی هەنگاریا بڕیاری دا (224) تۆن فیشەك و تەقەمەنیی پێویست بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بنێرێت و، ئامادەیی ئەوەیشی پێشان دا كە مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم دەكەن.

لە درێژەی كۆبوونەوە و دیدارەكانی شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە فەریق (شێروان عەبدولڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) و عەمید روكن (هەژار) لە وڵاتانی ئەورووپا بە مەبەستی دابینكردنی هاوكاری و هەماهەنگی و پشتیوانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم، رۆژی 9\9\2014 و رۆژانی دواتر لە شاری (بودابیست)-ی وڵاتی هەنگاریا چەند كۆبوونەوە و دیدارێكی گرینگیان لەگەڵ راوێژكاری یەكەمی سەرۆكوەزیران لە نووسینگەی تایبەتی سەرۆكوەزیران لە
باڵاخانەی پەرلەمانی وڵاتی هەنگاریا ئەنجام دا.
شاندەكە پاشانیش لەگەڵ هەردوو جێگرانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی وڵاتی هەنگاریا بە جیا و لە هەردوو دیوانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری كۆ بوونەوە كە لە هەموو كۆبوونەوەكاندا چەندین راوێژكار و بەڕێوەبەری پلەباڵا بەشدارییان كرد.
شاندی وەزارەتی پێشمەرگەیش لە كۆبوونەوەكاندا بە دوورودرێژی هەلومەرجی گشتیی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و پێویستییەكانیانی ڕوون كردەوە و لەگەڵ ئەوەیشدا باس لە هەڕەشەكانی تیرۆر و تیرۆریستان لەسەر ئاساییشی كوردستان و وڵاتانی رۆژهەڵات و ئەورووپا و ئەمەریكا كرا و، پێویستیی هاوكاری و هەماهەنگیی یەكتر لە بەگژداچوونەوەی ئەم تیرۆرە جیهانییە و پاراستنی هێمنی و ئاساییشی ناوچەكە و گیان و ماڵی هاووڵاتیان جەختی لێ كرایەوە.

راوێژكاری یەكەمی سەرۆكوەزیران، سوپاسی سەرۆكوەزیرانی گەیاندە شاندەكە كە توانیویانە لە كۆبوونەوەكانیان لە وڵاتانی ئەورووپا ئەوەی كە لە واقیعدا روو دەدات، بیگەیەننە وڵاتانی ئەورووپا.
ڕوونیشی كردەوە كە بە پشتبەستن بەو زانیاریانە، وڵاتانی ئەورووپا دەستكراوەتر دەبن لە هاوكاری و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێم و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد كە پارێزەری سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكەیە و جگە لەوەیش لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوە، ئامادەیی خۆیان پێشان دا بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم لە هەموو ڕوویەكەوە. هەروەها هەڵویستی قارەمانانەی ئێستاكەی هێزەكانی پێشمەرگە و گەلی كوردستانیان بەرز نرخاند و تەنانەت باسیان لەوە كرد كە ئەوان لە ناخەوە هەست بە ئازاری گەلی كوردستان دەكەن، چونكە لە مێژوودا هاوبەش بوون لە شێوازی چەوساندنەوە و خەباتكردن.
لە كۆتاییدا حكوومەتی هەنگاریا بڕیاری دا كە (224) تۆن فیشەك و تەقەمەنیی پێویست بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بنێرن و ئامادەیی خۆیان پێشان دا بۆ مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و بڕیاریش وایە لە رۆژانەی داهاتوودا هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگریی وڵاتی هەنگاریا سەردانی كوردستان بكەن بۆ هەمان مەبەست و هەروەها بۆ بە فەرمیی كردنەوەی كۆنسووڵگەریی وڵاتی هەنگاریا لە كوردستاندا.