Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە UN و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق، ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆیان جێبەجێ بكەن

هەولێر-kdp.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێم هەر لە سەرەتاوە دەرگاكانی بە ڕووی هەموو پەنابەران و ئاوارەكاندا كردووەتەوە و وێڕای سنوورداریی تواناكانیشی، هەموو كۆمەك و هاوكارییەكی پێویستی پێشكەش كردوون، بەڵام ئەوەیشی نەشاردەوە كە پێداویستییەكانی ڕەوشەكە لە دەرەوەی تواناكانی حكوومەتە، بۆیە داوای كرد كە UN و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق، ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆیان جێبەجێ بكەن.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 14ـی ئەیلوولی 2014، پێشوازیی لە جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ـ ڕێكخەری نووسینگەی كاروباری مرۆییی UN خاتوو (ڤالێری ئامۆس) و شاندێكی یاوەری كرد.

شاندی میوان كە سەردانی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەرانی لە سنووری پارێزگای دهۆك كردبوو، پوختەی دید و تێبینییەكانی خۆیان دەربارەی ڕەوشی ئاوارەكان و كێشە و گرفتەكانیان خستە ڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانین و دەستخۆشیی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە وێڕای زۆریی ژمارەی ئاوارەكان و سنوورداریی تواناكان، پێشوازی لێ كردوون و هەموو كۆمەك و هاوكارییەكی پێشكەش كردوون.

شاندەكە هەروەها تیشكیان خستە سەر كۆمەڵێك كێشە و گرفتی كەمپەكان لە ڕووی پەروەردەیی و تەندروستی و ژیارییەوە و مەترسیی خۆیان لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی پەنابەران و ئاوارەكان دەربڕی، دووپاتیشیان كردەوە كە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە كۆمەكبەخشەكان و حكوومەتی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتیی زیاتر پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، تا بتوانێت بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی پەنابەران و ئاوارەكان بكات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە دەرگاكانی بە ڕووی هەموو پەنابەران و ئاوارەكاندا كردووەتەوە و وێڕای سنوورداریی تواناكانیشی، هەموو كۆمەك و هاوكارییەكی پێویستی پێشكەش كردوون، بەڵام ئەوەیشی نەشاردەوە كە پێداویستییەكانی ڕەوشەكە لە دەرەوەی تواناكانی حكوومەتە، بە تایبەتی كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، حكوومەتی هەرێم لە قەیرانێكی سەختی داراییدایە، بۆیە داوای كرد كە UN و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق، ئەرك و بەرپرسیارەتیی خۆیان جێبەجێ بكەن.