Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە، پێنج گوندە عەرەبنشینەکانی سنووری مەخمووری لە تیرۆریستان پاک کردنەوە

چەند لاشەیەکی تیرۆریستانی داعش لە بن دەستی پێشمەرگەدا. سنووری مەخموور- ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-  ئەو گوندە عەرەبنشینانەی کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لە سنووری میحوەری مەخموور لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هێزەکانی پێشمەرگەدا کۆنترۆڵ کران، ژمارەیان پێنج گوندن.
لەو هەڵمەتە هێرشبەرییەی هێزەکانی پێشمەرگەدا کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، بۆ سەر پێگەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆچکەی مەخموور بەرپا کرا، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان توانییان 5  گوندی عەرەبنشینی دەوروبەری شارەدێی باقرتیی سەر بە شارۆچکەی مەخموور کۆنترۆڵ کران.
لەو هەڵمەتەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، کە بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموکراتی کورستان(عەلی حوسێن) و فەرماندەی میحوەری مەخموور(نەجات عەلی) و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، گورزێکی کوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاند.
بەپێی زانیارییەکانی KDP.INFO، لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش کوژران و چەندین چەکی جۆراوجۆر و ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە. هاوکات زانراوە کە کۆنترۆڵکردنی هەر پێنج گوندە عەرەبنشینەکە و وەدەرنانی تیرۆریستان کە نەیانتوانی بەرامبەر بە هێزەکانی پێشمەرگە خۆیان ڕابگرن، تەنیا چەند سەعاتێکی کەمی خایاندووە.

زریان زیاد