Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قاسم شەشۆ: ئەوەی یەپەگە و یەکێتی دەربارەی چیای شنگال دەیڵێن، خزمەت بە کورد ناکات.. 47 ئێزدی گەیەنراونەتەوە ناو كەسوكاریان

شنگال-KDP.INFO-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال دەڵێت، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 47 كوردی ئێزدی لە سنووری تەلەعفەر لە دەست چەكدارانی داعش هەڵاتوون و گەیەندراونەتەوە ناو كەسوكارەكانیان لە دهۆك و زاخۆ. جەختیش دەكاتەوە كە، ئەوانەی ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە و شەڕیان لەگەڵدا دەكەن، تەنیا هێزەكانی ئەوانن و هیچ هێزێكی دیكە نییە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ) بە KDP.INFO-ی راگەیاند، "لە ماوەی سێ رۆژ رابردوودا 47 كەس لە دەست چەكدارانی داعش هەڵاتوون و گەییشتوونەتە چیای شنگال، ئێمەیش رەوانەی دهۆك و زاخۆمان كردوون بۆ ناو كەسوكارەكانیان كە تەنیا دوێنێ 20 كەس هەڵاتبوون و زۆربەیشیان منداڵ و كچ بوون".

(شەشۆ) گوتیشی، "ئەو هەواڵانە لە راستییەوە دوورن كە باس لەوە دەكەن تەنیا چەكدارانی یەپەگە و پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە چیان، بەڵكە لە سەرەتاوە تەنیا هێزی پێشمەرگەی لێ بووە و ئێستاشیش ئەوانەی كە شەڕ دەكەن، ئێمەین و كەسی دیكە نییە".
لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە گوایە هێزی پێشمەرگە شوێنی یەپەگە بۆ فڕۆكەكان دیاری دەكات بۆ ئەوەی بۆردوومانیان بكەن، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئاماژەی دا، "ئەو هەواڵە بە هیچ جۆرێك راست نییە و بە هیچ شێوەیەكیش لە كەس قبووڵ ناكەین ئەو جۆرە لێدوانانە بدات، چونكە ئەمە لە بەرژوەندیی هیچ كەسێكدا نییە".
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەوان تەنیا پێویستیان بە چەك هەیە بۆ ئەوەی شوێنی زیاتر كۆنتڕۆڵ بكەن، ئەگەر نا لە ڕووی هاوكارییەكانی دیكەوە كێشەیان نییە.

بڵند ئیبراهیم