Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قاسم شەشۆ: پەیەدەمان ئاگادار كردووەتەوە، ئەگەر زۆرمان لێ بكەن جیاوازییان لەگەڵ داعشدا نابێت

فەرماندە(قاسم شەشۆ) و ژامارەیەک بەرگریکار لە شنگال و خاکی کوردستان.

شنگال-KDP.INFO-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال دەڵێت، پەیەدە داوایان لێ كردوون بچنە ریزەكانی ئەوانەوە، بەڵام رەتیان كردووەتەوە و ئاگاداریان كردوونەتەوە ئەگەر زۆریان لێ بكەن، ئەو كات هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ داعشدا نابێت.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و كارگێڕی لقی 17-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شنگال (قاسم شەشۆ) بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئێستا 10 هەزار خێزان لە چیای شنگال ماون و بەڵێنیان داوە تا شنگال رزگار نەكرێت، ئەوان لەگەل هێزی پێشمەرگە دەمینێنەوە و هاوكارییشیان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە دەست دەگات."

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە گوتیشی، "پەیەدە رێگری لە گەیاندنی هاوكاری بە ئێمە دەكات، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە ئاڵای ئەوان بەرز ناكەینەوە، ئێمەیش رەتمان كردووەتەوە."

(شەشۆ) زیاتر گوتی، "داوایان كردبوو ئێمە بچینە ریزەكانی ئەوانەوە، بەڵام ئێمە ڕەتمان كردەوە و ئاگادارمان كردنەوە ئەگەر زۆر لە ئێمە بكەن، هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ داعشدا نابێت."

ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "بە گوتەی ئەوان نزیكەی 200 كەسیان لە چیا هەیە، بەڵام لای ئێمە تەنیا نزیكەی 20كەس دەبن."

ئاماژەیشی دا كە، شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ داعشدا بەردەوامە و تا ئێستا پێنج كۆمەڵگەیان لە داعش پاك كردوونەتەوە و ئێستایش تەنیا كۆمەڵگای خانەسۆر و سنوونێ ماون، بەڵام بۆ ئازادكردنی شنگال پێویستیان بە چەكی قورسی زیاتر هەیە.

بڵند ئیبراهیم