Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری هەولێر: گرفتی سووتەمەنی و زۆریی نرخەكەی چارە دەبن

هەولێر-kdp.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بڕیاڕەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ 900 دینار بەشدارن، چونكە دەركردنی ئەو بڕیارە بە ئامادەبوونی هەموو وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێم بووە. دەشڵێت، "گەشبینیشین كە گرفتی سووتەمەنی و زۆریی نرخەكەی لە داهاتوودا چارە دەبن".


سەبارەت بە پرسی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خۆپێشادانەكەی ئەمڕۆی شۆفێرانی كۆستەر و تەكسی لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی بە ئامادەبوونی قایقامی قەزای ناوەندیی هەولێر (نیهاد لەتیف قۆجە) گرێ دا.
(نەوزاد هادی) ڕایگەیاند، بەپێی ئەو واقیعەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، سەرباری ئەو كێشە داراییانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەرپرسە لە دابینكردنی بودجە بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی حكوومەت و پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

گوتیشی، "هەموو سەرچاوەكانی داهات لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە دابین دەكرێت و پشتی پێ دەبەسترێت، پێشتر بوودجە و مووچە لە بەغداوە دەهات، ئەو داهاتەی كە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەبوو پاڵپشتی بارودۆخی سووتەمەنیی دەكرد لە كوردستان، وەك ئەو زەمەنەی كە نرخی بەنزین 500 دینار بوو، بەڵام ئێستا بەرپرسیارێتییەكە قورسە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، چونكە ئەركی دابینكردنی مووچەیشی بۆ فەرمانبەران زیاد بووە، بۆیە ئێستا ئەولەوییەتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دابینكردنی مووچەیە بۆ فەرمانبەران".

پارێزگاری هەولێر ئەوەیشی خستە ڕوو، "دوابڕیار كە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، بەنزینی ئۆتۆمبێلی تایبەت لیتری بووەتە 900 دینار بە بێ كۆبۆن، هەروەها بۆ گواستنەوەی گشتی  واتە تاكسی و پاسەكان وەكو خۆی ماوەتەوە كە 500 دینارە، خۆپێشاندانەكەی شۆفێرانی كۆستەری لە هەولێر بۆ زیادكردنی بەشی هەفتانەی بەنزین بوو كە ئەوەی دابین كراوە بۆیان گونجاو نەبووە و ئێمەیش لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوەوە دیراسەی ئەم پرسە بە جددی دەكەین كە بتوانین هەفتانە 100 لیتر بەنزینیان بە نرخی 500 دینار پێ بدرێت تاوەكو نرخی گواستنەوەی هاووڵاتیان بەرز نەبێتەوە، لە هەمان كاتیشدا ئەوان تێیدا زەرەر مەند نەبن".

(نەوزاد هادی) تایبەت بەو ڕەوشەی كە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە ڕایگەیاند، بە هۆی شەڕی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هەبوونی قەیرانە داراییەكان كە ماوەی 8 مانگە حكوومەت بودجەی بۆ هەرێم نەناردووە، لە خەڵكی هەرێمی كوردستان داواكارین كەمێك دەست پێوە بگرن و ئەم ڕەوشە لە بەرچاو بگرن، ئەمە واقعی حاڵی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانە، كە هیوادارین ئۆتۆمبێل زیاتر بۆ كاری پێویست بەكار بێت، گەشبینیشین كە ئەو گرفتانە لە داهاتوودا چارە دەبن".
گوتیشی، "سەرجەم بەشداربووانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بڕیاڕەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بۆ 900 دینار بەشدارن، چونكە دەركردنی جۆرێك بڕیاری وەها، بە ئامادەبوونی هەموو وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێم بووە، ئەمە بڕیاری یەك وەزارەت و كەسێك نییە".
(نەوزاد هادی) تایبەت بە كێشەی شوفێرانی تاكسی و بارهەڵگر دەڵێت، "بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی گواستنەوە، ئەم گرفتەی ئەوان چارە دەكەین".
داوایشی لە هاووڵاتیان كرد كە پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم بن، چونكە دڵنیا بن ئەوەی حكوومەت پێی بكرێت، دەیكات و درێخی ناكات.

كەنعان بەهادین