Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان: سوودمەندی پلە یەك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، كەمدەرامەتان دەبن

هەولێر-kdp.info-  ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێویستە پەلە لە پەسەندكردنی یاسای دەستەی نیشتەجێكردن؛ بۆ ڕێكخستنەوەی ڕێنماییی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكان بەپێی یاسای دەستەكە بكرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ بكەنەوە و بە شێوەیەكیش بێت كە باری داراییی كەمدەرامەتان‌ ڕەچاو بكرێت و سوودمەندی پلە یەك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، كەمدەرامەتان بن.


ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە (نێچیرڤان بارزانی)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكی ئەیلوولی 2014، لەسەر چەند پرسێكی پەیوەندار بە بواری وەبەرهێنانەوە،‌ كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كاریگەریی ڕەوش و پێشهاتەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی و بڕینی بو‌دجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، لەسەر وەبەرهێنان و ئەو پڕۆژانەی بوارە جیاجیاكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە ژێر جێبەجێكردندان، تاوتوو كران و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ڕەوشە تازەیەی ئابووری و دارایی لە هەرێمی كوردستان كرا، بە شێوەیەك كە پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام بێت.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان جەختی لەوە كردەوە كە پەلە لە پەسەندكردنی یاسای دەستەی نیشتەجێكردن؛ بۆ ڕێكخستنەوەی ڕێنماییی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەكان بەپێی یاسای دەستەكە بكرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ بكەنەوە كە تا ئێستا هەموویان بە هۆی پەسەندنەكردنی ئەم یاساوە وەستاون، بە شێوەیەكیش كە باری داراییی كەمدەرامەتان‌ ڕەچاو بكرێت و سوودمەندی پلە یەك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، كەمدەرامەتان بن.

ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان هەروەها بڕیاری دا ڕێنماییی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ ئەو پرۆژانەی مافیان هەیە داوای مۆڵەتی وەبەرهێنان بكەن، ڕێك بخرێتەوە، بە تایبەتی بۆ ئەو كۆمپانیایانەی دەیانەوێ لە یاسای وەبەرهێنان سوودمەند بن. بۆ ئەمەیش بڕیار درا لیژنەیەك پێك بێت بۆ ئەوەی بە یەك بە یەكی پڕۆژەكان لە بواری پیشەسازی، گەشتیاری و كشتوكاڵیدا بچێتەوە و بڕیاریان لێ بدات.

ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لیژنەیەكی دیكەی پێك هێنا بۆ ئەوەی بە یەك بە یەكی داوای ئەو كۆمپانیایانەدا بچێتەوە كە بە هۆی ڕەوشی ئێستای ئابووری و داراییی هەرێمی كوردستانەوە زەرەرمەند بوون و، داوایان كردووە ماوەی ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان بۆ درێژ بكرێتەوە، چونكە ئەم ماوەیە نەیانتوانیوە وەك پێویست كار بكەن و پڕۆژەكانیان دوا كەوتوون. ئەم لیژنەیە كار لەسەر ئەوە دەكات كە یەك بە یەكی كەیسی كۆمپانیاكان ساغ بكاتەوە و ڕێ بگرێت لەوەی بە قۆستنەوەی ئەم بارودۆخە، بازاڕ لە لایەن چەند كۆمپانیایەكەوە قۆرخ بكرێت.