Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەستێرەی بەختی پێشمەرگە لە هەموو كات درەوشاوەترە.. وەزارەتی‌ پێشمەرگە: لێدوانی (جەمیل بایك) سەرلەبەری سوكایەتییە بە پێشمەرگە

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی‌ پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)

هەولێر-KDP.INFO-  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، لێدوانی (جەمیل بایك) سەرلەبەری سوكایەتییە بە پێشمەرگە، لە كاتێكدایە ئەستێرەی بەختی پێشمەرگە لە هەموو كات درەوشاوەترە لەسەر ئاستە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەكان و ناوخۆیش. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، هیچ پێویستی بە لێكدانەوە نییە، (بایك) و هاوبیرەكانی بە ئاڕاستەیەكی جیاوازی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیی هەنگاو دەنێن.


بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی‌ پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ kdp.info نێردراوە، دەڵێت، یاسای وەزارەت ئەوانی بەرپرسیار كردووە كە دەنگ و رەنگی وەزارەتن بۆ ناو وەزارەت و یەكەكانی و بۆ دەرەوەی وەزارەت و میدیاكانیش، بۆیە لە ئێستادا من وەكو گوتەبێژی وەزارەت لەگەڵ میدیاكاندا دەدوێم".

عەمید هەڵگورد ڕوونیشی دەكاتەوە، "بە ناوی پێشمەرگەی كوردستانەوە سوپاسی زۆر بێپایانمان بۆ هەڵوێستی (موراد قەرەیلان) و هەموو ئەو هەڤاڵانەی رێز لە پێشمەرگە دەگرن و خۆشەویستییان بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و بارودۆخی سیاسیی ئێستای هەرێم لە پێش چاو دەگرن و ئەم هەڵوێستە دەنرخێنین".

دەشڵێت، "هەموو دەزانین ئەركی پەرلەمان یاسادانان و چاودێریكردنە، ئەندامی پەرلەمانی بەڕێز پێویستە لەیادی نەچێت بە دەنگی گەل و لە ناویشیاندا پێشمەرگە بەدیهێنەری دەسكەوتەكان و پارێزەری دەسكەوتەكان و كەسوكاریان هەڵبژێردراوە، بۆیە پێشمەرگە چاوەڕوانە ئەگەر ستاییشیشی ناكەن برینداری نەكەن، ئەگەر پەرلەمانتاری پەرلەمانی بەڕێز تێبینییەكی هەیە رێكاری یاسایی و ئسوڵی هەیە نەك لە رێگای میدیاكانەوە پشتگیری لە لێدوانێكی "پڕ لە سوكایەتی" بە پێشمەرگە بكرێت".

بە گوتەی عەمید هەڵگورد، "لێدوانی (جەمیل بایك) سەرلەبەری سوكایەتییە بە پێشمەرگە، لە كاتێكدایە ئەستێرەی بەختی پێشمەرگە لە هەموو كات درەوشاوەترە لەسەر ئاستە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەكان و ناوخۆیش، هیچ پێویستی بە لێكدانەوە نییە (بایك) و هاوبیرەكانی بە ئاڕاستەیەكی جیاوازی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیی هەنگاو دەنێن".

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی‌ پێشمەرگە، دووپاتیشی دەكاتەوە، "پێویستە جیاوازی لە نێوان دەیان هەزار پێشمەرگەی ماندوویینەناس و فەرماندەی قارەمان بكرێت، كە لە ساتەوەختی هێرشی تیرۆریستانەوە تا ئێستا ماڵ و منداڵی خۆیان نەبینیوە و سەنگەر بووەتە هەموو شتێكیان، پێویستە جودایی بكرێت لە مابەینی ئەو پێشمەرگەیەی جگە لە بەخشینی خوێن و ئارەقە بە شەونخوونی لەسنگەردا ساتەكانی ژیانی دەبەخشێت بۆ ئەوەی ئارامیی وڵات بپارێزێت لەگەڵ فەرماندەیەكی نابەرپرسدا و نابێت خوێندنەوەیەكی نێگەتیڤانە بەسەر تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەدا بۆ هیچ مەبەستێكی سیاسی بگشتێندرێت".

گوتیشی، "پێویستە لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان بە بەردەوام لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە تا وەڵامی پرسیارەكانیان وەرگرنەوە، دەكرێت ماوەیەكی زەمەنی بۆ كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتدا دیاری بكرێت".

ئومێد پشدەری