Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چل تۆن خۆراكی مانگانە دەدرێتە پەنابەرانی شنگال لە لالش

دهۆك-kdp.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هەڵمەتەكانیدا لە دهۆك و شەقڵاوە و باعەدرێ و ئاكرێ و كەمپی بەحركە جگە لە پێداویستی و ژەمەخۆراك بۆ پەنابەران، هاوكات ئامێری فێنككەرەوەیان بۆ دابین دەكات لەگەڵ دروستكردنی ژەمەخۆراكی رۆژانە بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان.

رۆژی 30/8/2014 تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری دهۆك لەگەڵ سەرژمێریكردنی پەنابەراندا كۆمەك و یارمەتی و خۆراكیان بەسەردا دابەش دەكات، لەوانە دابەشكردنی 40 تۆن خۆراكی مانگانە بەسەر 500 خێزانی ئاوارەی شنگال لە لالش.

لە شارۆچكەی شەقڵاوەیش بەپێی خشتەیەكی یەك مانگی دەست كراوە بە دابەشكردنی خۆراكی مانگی دووەم بەسەر 7 هەزار خێزانی پەنابەردا كە رۆژانە 1500 خێزان بەشەخۆراكی مانگێكی تەواو وەردەگرن كە بریتییە لە 72 كیلۆگرام لە خۆراكی جۆراوجۆر و لەقوتوونراو.
لەلایەكی دیكەوە و لە كەمپی بەحركە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە لەرێگەی خواردنگەیەكەوە دوو ژەم خواردن بۆ زیاتر لە 2700 كەس دروست دەكات و بەسەریاندا دابەشی دەكات. هەروەها لە هەڵمەتێكدا كە بە هاوكاریی رێكخراوی خۆراكی جیهانی بەڕێوە چوو، دەست كرا بە دابەشكردنی ئازووقە و شیر بەسەر 620 خێزان، لەگەڵ دابەشكردنی 26 موبەریدە و 50 پانكەی شەحن.
لە لایەكی دیكەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی (باشیك، مەخموور، پۆلیسی گوێڕ، فەرماندەیی گەرمیان) دروست دەكات، بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2300 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لە رێگەی تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان دەكرێ.