Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕەوەندی فەڵەستینی هاوكاری دەگەیەننە ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان

هەولێر-kdp.info- وەكو هاوسۆزییەك بۆ ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و لە هەڵوێستێكی مرۆڤانەدا، رەوەندی فەڵەستینی لە هەرێمی كوردستان هاوكاریی هەمەجۆریان بۆ ئاوارەكان كۆ كردەوە و لە سنووری شارۆچكەی عەنكاوە بەسەر ئاوارەكانیاندا دابەش كرد.

بە سەرپەرشتیی كۆنسووڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان باڵیۆز (نەزمی حەزوری)، ڕەوەندی فەڵەستینی هەڵمەتێكی بەرفراوانیان بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی هەرێم ئەنجام دا و ژمارەیەك پزیشكی فەڵەستینییش بڕیاریان داوە بە خۆڕایی ئاوارە نەخۆشەكان چارەسەر بكەن.

دوای كۆكردنەوەی ئەو یارمەتیانە، باڵیۆز (نەزمی حەزوری) بە یاوەریی ژمارەیەك لە ئەندامانی ڕەوەندی فەڵەستینی و نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای خانمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو بڕە یارمەتییەی گەیاندە دەستەی هەماهەنگیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سنووری شارۆچكەی عەنكاوە، پاشان بەشدارییان لە دابەشكردنی ئەو هاوكارییانە و دووپاتكردنەوەی هاوسۆزیی فەڵەستینییەكان بۆ گەلی كوردستان كرد وەكو هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی كێشە و گرفتی ئاوارەكان. دووپاتیشی كردەوە كە، بەپێی توانا رەخساوەكان، رەوەندی فەڵەستینی بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان.
ئەندامی دەستەی باڵای هەماهەنگیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عەنكاوە (رەوەند پۆڵس) وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم هەڵوێستەی باڵیۆز (نەزمی حەزوری) و ڕەوەندی فەڵەستینی، دەستخۆشی لەم بەشدارییەی ڕەوەندی فەڵەستینی كرد بۆ كەمكردنەوەی گرفتی ئاوارەكان، دووپاتیشی كردەوە كە هاوكاریی فەڵەستینییەكان سەرەڕای بارودۆخی تایبەتی خۆیان لە هەرێمدا، جێگەی ستاییش و پێزانینە.

دلێر ئیبراهیم