Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكوەزیرانی توركیا هەنگاوی دیكە بۆ چارەكردنی پرسی كورد دەنێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی پارتیی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان ڕایگەیاند، توركیا دەیەوێت بیرۆكەی ئاشتی لە ناوچەكەدا جێبەجێ بكات و ئەم بیرۆكەیەیش لە پێوەندییەكانی خۆی و كوردستاندا ڕەنگ دەداتەوە. دەشڵێت، سەرۆكوەزیران هەنگاوی دیكە بۆ چارەكردنی پرسی كورد و كرانەوەی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا دەنێت، بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەمە بە پڕاكتیكی دەبینرێت.

گۆڕانكارییەكانی توركیا دەنگدانەوەیەكی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە، چونكە سەرۆكی پارتیی داد و گەشەپێدان (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) دەستی لە كار كێشایەوە و بووە سەرۆككۆماری توركیا، هاوكات وەزیری پێشووی دەرەوەی توركیا (ئەحمەد داود ئۆغلۆ) بووە سەرۆكی پارتەكە و سەرۆكوەزیرانی توركیا، بڕیاریشە گۆڕانكاری لە دەستووری توركیادا بكرێت، لە هەمان كاتدا (ئەردۆغان) بە دەنگی زۆرینەی خەڵك بووە سەرۆككۆمار.
ئێستا توركیا لە بەردەم تاقیكردنەوەی بیرۆكەی (ئەحمەد داوود ئۆغلو)ـدایە كە لە 2002 بە ناوی "سفركێشە"دایناوە و بیرۆكەكە بریتییە لە لادانی هەموو گرفتەكانی توركیا لەگەڵ بەرانبەرەكانی.
سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان (كەرخی نەجمەددین ئاڵتی برماخ) بۆ KDP.info گوتی، "سیاسەتی پارتیی داد و گەشەپێدان بە شێوەیەكی گشتی فراوانە بۆ هەموو بابەتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی توركیا بە تایبەتی بۆ مەسەلەی كورد لە توركیا كرانەوەیەكی زۆر پێڕۆ كراوە و هەنگاوی باشی بۆ نراوە، ئەو گۆڕانكارییەیش بەپێی سیستەمی دیموكراتی لە توركیا هەر دەبێت بكرێت، بەڵام ئەوەی ئەو پارتە دەیكات و شوێنەكان بۆ گەنجەكان چۆڵ دەكات، بریتییە لە هێنانەوەی خوێنی تازە بۆ توركیا و گرنگیدان بە چینی كاریگەری توركیا كە لە نیوەی زیاتری كۆمەڵگەی توركیا پێك دەهێنێت، یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەو پارتەیش گرینگیدانە بە چینی گەنجان و ئافرەتان ئەوەش تێگەیشتنی سەركردەكانی ئەو پارتەیە بۆ خوێندنەوەی واقیع".
گوتیشی، "ئەو كاتەی (عەدنان مەندەرەس) و (تورگوت ئۆزاڵ) كاریان دەكرد، سیستەمی توركیا لە بەردەم پێشكەوتنەكاندا زۆر ئاستەنگ بوو، چونكە دامەزراوە سەربازییەكان زاڵ بوون بەسەر حكوومەتدا و بەرەنگاری ئەو كەسانە دەبوونەوە كە ڕەخنەیان لێیان هەبوو، بەڵام لەسەردەمی داد و گەشەپێداندا توانییان دەسەڵاتەكان جیا بكەنەوە".
دەبارەی بیرۆكەكەی (ئۆغلۆ) بۆ هەرێمی كوردستان، (ئاڵتی برماخ) دەڵێت، تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووە، ئێستایش سەرۆكوەزیران هەنگاوی دیكە بۆ چارەكردنی پرسی كورد و كرانەوەی بە ڕووی هەرێمی كوردستاندا دەنێت تا ئاستی ئەوەی بیرۆكەی "سفركێشە" لە ناخی (ئۆغلۆ)ـدا چەكەرەی كردووە، بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەمە بە پڕاكتیكی دەبینرێت".
كارزان هەورامی