شێخان -KDP.info- ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دره‌باره‌ی چوونى شاندێک بۆ ژنێف، که گوایه نوێنه‌رایه‌تیی ئێزدییه‌کان دەکه‌ن جه‌خت ده‌کاته‌وه، خەڵکى ئێزدی له‌وه تێ دەگه‌ن کە ئه‌و به ناو نوێنه‌رانه، نوێنه‌رایه‌تییان ناکەن. باوه‌ڕیشی وایه که، "ئه‌وان چاوەڕوانى هه‌ڵوێستێکى ئه‌رێنییان لێ ناکرێ و ئەوان به‌ر له‌و ڕووداوانه‌یش قسەى خێریان بۆ کوردستان نەکردووە و نایشیکه‌ن." وه‌ک ئه‌و به‌رپرسه ده‌ڵێ، "ئه‌وان هێشتا هەڵوێستێکى نیشتیمانپەروەرانه و ئه‌رێنییان سەبارەت بە کوردستان نەبووە و لەو کەسانە بوون کە وه‌ک هه‌میشه ویستویانە پەلامارى شتە جوانەکانى کوردستان بدەن."
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی 20ـی شێخان (عەلی عەونی) بۆ KDP.infoگوتی: "بە داخەوە ئەم شانده‌ی کە پێک هێنراوە بۆ ئەوەى بچنە ژنێف، له ڕاستیدا هێشتا هەڵوێستێکى نیشتیمانپەروەرانه و ئه‌رێنییان سەبارەت بە کوردستان نەبووە و لەو کەسانە بوون کە هه‌میشه ویستویانە کەموکوڕییە بچووکه‌کان گەورە بکەن و، گوشار بکەن."
ده‌رباره‌ی ئه‌و شانده‌ی که گوایه نوێنه‌رایه‌تیی ئێزدییه‌کان ده‌که‌ن و له ژنێف پرسی کۆمه‌ڵکوژیی ئێزدی ده‌خه‌نه به‌ر باس، (عه‌ونی) زیاتر گوتی، "چاوەڕوانى ئەوه‌یان لێ ناکەم لەسەر ئەم هەموو شەهید و خوێن و قوربانیدانەى پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە گه‌لی کوردستان و پێکهاتەکانی کوردانی ئێزدى، مەسیحی، کاکەیى، تورکمان و ئاشوورییشه‌وه، شتێکى باش و ئه‌رێنی باس بکه‌ن. من ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌م نییە ئەوان قسەیەکى خێر له‌و هه‌موو کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی پێکهاته‌کاندا هاتووه بکەن، چونکە پێشتریش تەنانەت کە شەڕیش نەبووە ئەوان قسەى خێریان بۆ کوردستان نەکردووە. ئه‌وان(ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی گوایه له چوونیان بۆ ژنێف نوێنه‌رایه‌تیی ئێزدییه‌کان ده‌که‌ن) هه‌رده‌م لە رێگاى قسە و نووسینەوە پەلامارى شتە جوانەکانى کوردستانیان داوە."
(عه‌لی عه‌ونی) ئاشکرایشی کرد که، "لە ئایندەیەکى نزیکدا شاندێکى ئێزدییەکان سەردانى ئەمه‌ریکا دەکەن و لەو خەڵکانەیش پێک دێت کە لە ناو واقیع و نەهامەتییەکاندا دەژین."
پێوه‌ست به ئه‌و شانده‌ی که وه‌ها بڕیاره بچنه ئه‌مه‌ریکا زیاتر گوتی، "ئەوانەى کە دەچنە ئەمه‌ریکا چونکە لە ئەرزى واقیعدان باشتر ئەم راستیانە دەزانن و دەبینن و بێگومان له توانایاندا ده‌بێ که وێنا ڕاسته‌قینه‌که‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر کوردانی ئێزدی و پێکهاته‌کانی دی‌دا هاتووه نیشان بده‌ن.. به‌ڵام ئەوانى تر(ئه‌و شانده‌ی بۆ ژنێف پێک هێندراوه) جێیان خۆشە، لە ئەورووپاوه قسەى زل زل و لێدوانى جیا جیا دەدەن، بەڵام لە ڕووی کرده‌نییه‌وه هیچ یەکێکیان نا‌وێرن بێن لە نزیکەوە سەردانى وڵات بکەن و لە مەیداندا بەرگرى لە گەلى خۆیان بکەن."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌رکردایه‌تیی پارتیی دیموکراتی کوردستان هاوکات ده‌پرسێ: "کێ دەستى گرتوون؟، با بێن ئەوە چیاى شنگال هاوار دەکات، چەکیان دەوێت با بفەرموون.. بە هەموو پێداویستییێکان بۆ دابین ده‌که‌ین و با بێن شانبەشانى پێشمەرگە و کەسوکاریان لە بەرگریدا بن.. ئەگەریش هەر قسەى زلە، ئەوا خەڵکى ئێزدى له‌وه تێگه‌ییشتوون و تێ دەگه‌ن کە ئەمانە نوێنه‌رایه‌تییان ناکەن."
(عه‌لی عه‌ونی) ڕوونیشی کرده‌وه که، "ئه‌و دۆخه نوێیه‌ی هاتووه‌ته ئاراوه و ئه‌و هه‌ڕه‌شه جیددییه‌ی به سه‌ر هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌یه به‌سه‌ر ته‌واوی پێکهاته‌کانی کوردستان، سته‌مه له کوردانی ئێزدی که به کۆمه‌ڵ کوژراون، هه‌ڵبه‌ت سته‌م لە هەموو گەلى کوردستان کراوە، ئەوەتا لە مەخموور و جەلەولایش سته‌م کراوە.. به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا پێشمەرگە لە فیداکارییێکى زۆر مەزندایە و بۆ بەرگریکردن لە کوردستان و وەدەرنانى تیرۆریستان و گێڕانەوەى هاووڵاتیان بۆ سەر زێد و ماڵى خۆیان قوربانیی زۆر مەزن دەدەن.. هەموو توانای خۆیشیان له‌و پێناوه‌دا خه‌رج ده‌که‌ن."
KDP.info