Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەروێش سەعد: تاڵان كراین، ماڵەكانمان مینڕێژ كراون و مەزارگاكانمان تەقێندرانەوە

مووسڵ-KDP.INFO-  دوای كۆنترۆڵكردنی گوندەكانی كوردانی كاكەیی لە سنووری پارێزگای مووسڵ، ئەمە پێنجەمین مەزارگای پیرۆزی كاكەییەكانە لە لایەن چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە دەتەقینرێتەوە. كەسایەتیی ئایینی كوردانی كاكەیییش دەڵێ، "هەرچیی هەمان بووە تاڵان كراوە و ماڵەكانمان مینڕێژ كراون و مەزارگاكانمان تەقێندرانەوە."

كەسایەتیی ئایینی كوردانی كاكەیی لە وەردەك(دەروێش سەعد) بە  kdp.info  ی ڕاگەیاند: "پاش تەقاندنەوەی مەزارگەی بابە یادگار لە گوندی تولەبەنی ناوچەی خازر لە 23ئەم مانگە لە لایەن چەكدارانی تیرۆریستی داعشەو، ئەمرۆیش پاش تەقاندنەوەی مەزارگەی سەیدهەیاس ئەو تیرۆریستانە مەزارگاكانی سەید مەهدی و سەید قەمبەریان تەقاندنەوە كە شوێنی پیرۆزی ئیمە بوون و مێژووەكەیان بۆ سەدان ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە."
(دەروێش سەعد) گوتیشی: "ئیمەی خەڵكی كاكەیی لە كاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش هەموومان وەک پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی جەنگین بۆ بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان و، ئەو ناوچانەمان دەپاراست، پاشانیش لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ گرتنی گوندەكانمان، تەنیا بە جلی بەرمانەوە ئاوارە بووین، چونكە ئێمە پێشتر لە بەرگریدا بووین و بەوە ڕانەگەییشتین هیچ شتێک دەرباز بکەین."
زیاتر گوتی، "بە داگیرکردنی گوندەکانمان هەرچیی هەمان بووە تاڵان كراوە و ماڵەكانمان مینڕێژ كراون و مەزارگاكانمان تەقێندرانەوە. هەموو ئەمانەش تەنیا لەبەرئەوەی ئیمە كوردین.. هەمیشەیش بە دوژمنانمان دەڵێین كوردین."
ئەو بیری بۆ چەند دەیەیەک پێشتر بردەوە و گوتی، "ساڵی 1988 كاتیك سەرژمێری کرا، بە ئێمەیان دەگوت مەڵێن لە نەتەوەی كوردین، بەڵام ئێمە هەر گوتمان نەخێر، كوردین.. پاشان لە لایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە، ناوچەکەمان عەرەبێندرا."
ئەو كەسایەتیە ئایینییەی كاكەیی ئاماژەیشی دا: "پێشتر چەندان جار هۆشداریی ئەوەمان دابوو ئەگەر ئەو شوینانە رزگار نەكرێن، ئەوا مەترسیی تەقانەوەیان لەسەرە، بە داخەوە ئەمرۆیش ئەوە رووی دا."
نەشوان بەرزنجی