Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قەرەیلان: پێویستە جەمیل بایک داوای لێبوردن لە پێشمەرگە بکات

ھەولێر-KDP.INFO-  دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو (جەمیل بایک) سوکایەتیی بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و بەمەیش کاردانەوەی لێکەوتەوە و وەزارەتی پێشمەرگەیش وەڵامی دایەوە، بە دوای ئەویشدا، (موراد قەریلان)-یش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، پێویستە (بایک) داوای لێبوردن لە ھێزی پێشمەرگە بکات.

لەمبارەیەوە بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (عەمید ھەڵگورد حیکمەت) ھەواڵەکەی بۆ kdp.info پشتڕاست کردەوە و گوتی، "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو (جەمیل بایک) سوکایەتیی بە پێشمەرگە کرد کە لەئێستادا لە بەرەکانی جەنگی دژ بە چەکدارانی تیرۆریستی داعشدان و پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکەن، (موراد قەرەیلان) باسی لەوە کردووە کە پێویستە (بایک) داوای لێبوردن لە ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات، کە ئەمەیش ئەوە دەسلەمێنیت ڕای جیاواز لەناو پەکەکەدا ھەیە."
لەبارەی ھەندێک ڕەخنەی پەرلەمانتارانیش کە لە لیستە جیاکانن و وەڵامی (بایک)-یان داوەتەوە، (عەمید ھەڵگورد حیکمەت) رایگەیاند: "کاری پەرلەمانتار نییە لە جیاتی وەزارەتی پێشمەرگە لێدوان بدات، بەڵکو پێویستە تەنیا چاودێریی دامودەزگا حکوومییەکان بکەن"، ئاماژەیشی دا، "وەڵامەکەی وەزارەتی پێشمەرگە رای کەسیی نییە، بەڵکو وەڵامێکی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەیە، چونکە (بایک) سوکایەتیی بە ھەموو پێشمەرگەکانی کوردستان کردووە بەبێ جیاوازی."

بڵند ئیبراھیم