Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: پێشمەرگە بە سەركەوتنەكانی، سیحری تیرۆریستانیان بەتاڵ كردەوە

هەولێر-KDP.INFO-  لە دیداریدا لەگەڵ (سەرۆک بازرزانی)، نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، لە لایەن سەرۆكوەزیرانی بەریتانیاوە هاتووە بۆ ئەوەی لەسەر مسۆگەربوونی یارمەتییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كار بكات. هەروەها جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای كردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنیان. لە بەرنبەردا(سەرۆک بازرزانی) گوتی، هێزی پێشمەرگە بە سەركەوتنەكانی خۆی بەسەر تیرۆریستاندا سیحری تیرۆریستانیان بەتاڵ كردەوە، كە خۆیان بە هێزێك دەزانی كە هەرگیز ناشكێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان ژەنەڕاڵ (سیر سیمۆن) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەریتانیایشی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و دەستخۆشی لەو سەقامگیری و سەركەوتن و دەستپێشخەرییە كرد كە ئێستا لە بەرەكانی جەنگدا لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعشدا هاتووتە ئاراوە. نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا، هاوکات سوپاسی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان.
نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا ئەوەی خستەڕوو كە لە لایەن سەرۆكوەزیرانی بەریتانیاوە هاتووە بۆ ئەوەی لەسەر مسۆگەربوونی یارمەتییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كار بكات. هەروەها جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای كردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنیان.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی حكوومەتی بەریتانیای كرد و سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكوەزیران و حكوومەتی بەریتانیای كرد لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و بە سوودبەخش و كاریگەری وەسف كرد. سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستان (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و ئەو هەڕەشەیە هیچ سنوورێك ناناسێ و لە هیچ شوێنێك ناگیرسێتەوە، بۆیەیشە لەناوبردنی پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەمە لایەنە و ڕێوشوێن و پلانی گشتگیر و نوێ هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەر سەركەوتنە مەیدانییەكانی پێشمەرگە و ڕایگەیاند كە، "بۆ ئێمە جێگەی شانازییە كە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی ئەم تیرۆریستانە دەكەین و هێزی پێشمەرگەیش بە سەركەوتنەكانی خۆی بەسەر تیرۆریستان سیحری تیرۆریستانیان بەتاڵ كردەوە، كە خۆیان بە هێزێك دەزانی كە هەرگیز ناشكێن." (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە، هێزەكانی پێشمەرگە لە دۆخی هێرشبردندان و ئاماژەكانی ڕووخان و تێكشكانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بە ڕوونی دەركەوتوون.
پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەكانیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە "یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماو و پارستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان، بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی دەزانین و لەپێناو پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانی و شەهیدیشمان داوە."
(سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان دا كە ڕوویان لە كوردستان كردووە و ڕایگەیاند، كوردستان بە هەموو توانایەك یارمەتییان دەدات، بەڵام ژمارە و ئاستی كارەساتەكە لە توانای كوردستان زیاترە و ئەوەیشی بۆ نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا باس كرد كە پێویستە خوشك و برا مەسیحییەكان و ئاوارەكان بیر لە جێهێشتنی وڵاتەكەیان نەكەنەوە و، چارەسەری سەرەكییش لەوەدایە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و یارمەتیی گەڕانەوە و نیشتەجێبوونیان بدرێت و لە هەڕەشەكانیش بپارێزرێن.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە پێویستە پڕۆسەی سیاسی تەنیا بە ئاراستەی گۆڕینی دەموچاودا نەڕوات، بەڵكو هاوكات لەگەڵ ئەوە دەبێ بەرنامە و سیستم و تەفكیری سیاسی بگۆڕێت و حكوومەتێك بە بەشداریی هەموو لایەك و لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە دابمەزرێت.
دانانی میكانیزمی هەماهەنگیی پێویستی نێوان بەریتانیا و حكوومەتی هەرێم بۆ گەیاندنی یارمەتییەكانی بەریتانیا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.