Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەجات عەلی: ئەوەی مەخموور و دەڤەرەکەی لە داعش پاک کردەوە، ئێمە بووین نەک هێزی تر.. مێدیای کوردستانی ڕۆڵی باشی نەبینی

بەرپرسی میحوەری مەخموور(نەجات عەلی) بۆ ڕۆژنامەوانان قسە دەکات. ئەمڕٶ

مەخموور-KDP.INFO-  بەرپرسی میحوەری مەخموور، ئەگەرچی ددانی بە هەبوونی کەموکوڕی لە پلان و ڕێکخستنەکانیشیان لە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا نا، بەڵام مێدیای کوردستانیشی بە هۆکارێکی دیکەی نەرێنی ناو برد لە دابەزاندنی ورەی پێشمەرگە و دەڵێ کە "تەجاوزی ئاساییشی نیشتیمانی"-یشی کردووە. ئاماژە بە گەورەکردنی ڕۆڵی هەندێ لایەن لە ڕزگارکردنی مەخموور و ناوچەکەیش، گوتی کە ڕەنگە هێز هەبوون، لە دوای ئەوانەوە یاخوود لابەلا وردە تەقەیەکیان کردبێ، ئەگینا لە دەرەوەی هەڵمەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئێمەدا ڕۆڵیان نەبووە.
(نەجات عەلی) دەڵێ "بەوپێیەی من بەرپرسی میحوەری مەخموور بووم، ڕەتی دەکەمەوە جیا لە هێزەکانی یەکەی 47، فەوجی یەک، لیوای دە، هێزی پشتیوانی، پاسەوانە تایبەتەکانی (سەرۆک بارزانی) و (نێچێرڤان بارزانی)، هیچ هێزێکی دیکە لەو پلانەی گرتنەوەی ئەو ناوچانەدا بەشدار بووبێتن و ئەوەی دەگوترێ موزایەدەی سیاسییە."
ئەو هاوکات مێدیای کوردستانی دایە بەر ڕەخنە بەوەی کە، لە بەرانبەر بە هەڵمەتی مێدیای داعشدا کە ڕۆڵی زۆری لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندندا هەبوو، نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی ببینێ و کاریگەریی ئەرێنی بەسەر ورەی پێشمەرگەوە هەبووبێ.
(نەجات عەلی) زۆرتر دەربارەی ڕۆڵی مێدیای کوردستانی بە حیزبی و ئەهلییەوە دوا و دەڵێ، "زۆر جار ڕوماڵکردنی ڕووداوەکان لە لایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردییەوە، کە ڕەنگە مەبەستیان بووبێت حەقیقەتی ڕووداوەکە بگوێزنەوە یاخوود بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە بووبێ، بەڵام بە داخەوە کە نەک ئەو ئامانجەیان نەپێکاوە، بەڵکە، زیانی زۆری هەبووە."
گوتیشی "هەندێ جار مێدیا تەجاوزی ئاساییشی نەتەوەیی کردووە، بەوەی کە لەپێناو بە بازاڕیکردنی کەناڵەکە، کاریەگەریی نەرێنی هەبووە."
دەربارەی هەبوونی هێزی دیکەیش لەو ناوچەیە، ئەو ئەگەرچی ڕەتی نەکردەوە کە هێزی دیکە هەبووبن، گوتی، "ڕەنگە لە دوای هێزەکانی ئێمەوە و لە دەرەوەی بەرپاکردنی هەڵمەتی ئێمە و ڕزگارکردنی ناوچەکە، دواتر هێزی تر هاتبن و بۆ مێدیاکان قسەیان کردبێ و وەها وێنایان کردبێ کە ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام ئەمە شێواندنی ڕاستییەکانە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی و بەرپرسی میحوەری مەخموور ددانی نا بەوەی کە ئەوان لەو میحوەرە کەموڕییان هەبووە، گوتیشی "بەڵام پاش ڕاسپاردەی (سەرۆک بارزانی) و خۆڕێکخستنەوە و دانانی پلانی نوێ بە بەرەنگاربوونەوە و وەدەرنانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەو شوێنانەی کە دەستیان بەسەردا گرتبوون، ناوچەکانمان لێ پاک کردنەوە و زەبری کوشندەمان لێ دان و زیانی زۆریان بەرکەوت."
(نەجات عەلی) هاوکات دەڵێ"هەر ئەو گورزەی پێشمەرگەیش بوو کە زانیاریی دروست ئەوە پشڕاست دەکەنەوە کە، داعش بە هیچ جۆرێک توانای جارێکی دی هێرشی بۆ سەر مەخموور و باقر و گوێڕ نەماوە.. هەڵبەت ئەگەر بمانەوێ پێشڕەویی زیاتر بکەین، لە تواناماندا هەیە شوێنی زیاتریان لە دەست دەربێنین."
زیاتر گوتی، "نەوەتوپێنج لە سەدی ئەو ناوچانەی کە داعش داگیری کردبوون، کۆنترۆڵمان کردوونەتەوە."

پەیامنێری KDP.INFO لە مەخموور