Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: هاوكارانی تیرۆریستان، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن

هەولێر-KDP.INFO-  لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شێخەكانی هۆزی شەمەر و چەند هۆزێكی عەرەبی ناوچەی ڕەبیعە و دەشتی نەینەوا، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە هەتا تێكشكاندنی تەواوەتیی تیرۆریستان ناوەستن و بەسەریاندا سەردەكەون و ئەو ئامۆژگارییەشی دا كە پێویستە ئەو كەسانەی هاوكاری تیرۆریستان بوونە بە توندترین شێوە سزا بدرێن، بەڵام ژیانی هاووڵاتیان و ئەو خەڵكەی پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە نەبووە بپارێزرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شێخەكانی هۆزی شەمەر و چەند هۆزێكی عەرەبی ناوچەی ڕەبیعە و دەشتی نەینەوا كرد.
لە دیدارێكدا كەسایەتی و شێخەكانی هۆزی شەمەڕ و چەند هۆزێكی دی ئامادەیی خۆیان بۆ (سەرۆك بارزانی) نیشان دا بۆ ئەوەی بەگژ تیرۆریستانی داعشدا بچنەوە و بەشداریی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بن. شاندی میوان دووپاتی ئەوەیان كردەوە كە ئامادەن چەك هەڵبگرن و تیرۆریستان لە ناوچەكە ڕیشەكێش بكەن و دژی هەموو هەوڵێكیش دەوەستن كە بیەوێت پێكەوەژیانی كورد و عەرەب و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە تێك بدات. كەسایەتی و شێخەكانی هۆزی شەمەر و هۆزە عەرەبەكانی دەڤەری نەینەوا، سوپاسی گەلی كوردستان و (سەرۆك بارزانی)-یان كرد كە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پەنابەر و ئاوارەكان ڕەوشتی بەرز و ڕەسەنی مێژوویی خۆیان بەكار هێناوە و بوونەتە پەناگەی لێقەوماوان. ڕاشیانگەیاند كە ناتوانن دەستەوەستان بن لەوەی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكان تێك دەدرێن و مەسیحی و كوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانەوە بچەوسێندرێنەوە و ڕێگە نادەن هێزی شەڕ و تاریكی لە ناوچەكانیان دەستەڵات بگرێتە دەست.
هەر لەم دیدارە (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشی لە هەڵوێستی شێخەكانی ئەو هۆزانە كرد و ئاماژەی دا كە شەرەفێكی گەورەیە گەلی كوردستان شەڕی زوڵم و تاریكی و وەحشیگەریی تیرۆریستان دەكات و ئێستا هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕاون و تیرۆریستان لە دۆخی داڕمان و دۆڕانن.
(سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە كە گەلی كوردستان هەمیشە لەگەڵ پێكەوەژیان و تەبایەتی و برایەتی بووە و خەباتی لە دژی داگیركاری و زوڵمدا كردووە و لە هیچ دۆخێكدا قبووڵی ئەوەی نەكردووە بچێتە ناو شەڕی نەتەوەیی و تاییفییەوە. سەبارەت بە دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا كە سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی بەغدا ژینگەیەكی وای دروست كرد تیرۆر و داعش گەشە بكات.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە هەتا تێكشكاندنی تەواوەتیی تیرۆریستان ناوەستن و بەسەریان سەردەكەون و ئەو ئامۆژگارییەشی دا كە پێویستە ئەو كەسانەی هاوكاری تیرۆریستان بوونە بە توندترین شێوە سزا بدرێن، بەڵام ژیانی هاووڵاتیان و ئەو خەڵكەی پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە نەبووە بپارێزرێت.