Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری و خۆراك و بۆ پەنابەری شنگال لە شاریا دابین دەكات

دهۆك-kdp.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هەڵمەتەكانیدا لە دهۆك و شەقڵاوە و باعەدرێ و ئاكرێ و كەمپی بەحركە خۆراك و پێداویستی و ژەمەخۆراك و مافوور و  كەلوپەلی منداڵان بۆ پەنابەران دابین دەكات و هەروەها رۆژانە ژەمە خۆراك هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان دروست دەكات.

رۆژی 27/8/2014 تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاكرێ و باعەدرێ لەگەڵ سەرژمێریكردنی پەنابەراندا، كۆمەك و یارمەتی و خۆراكییان بەسەردا دابەش دەكات، لەوانە لە شارۆچكەی سێمێل دوو بارهەڵگر مافوور بۆ پەنابەرانی شاریا دابین كرا، جگە لەوەی خۆراكی خێرایان پێ درا.
لەلایەكی دیكەوە، لە شارۆچكەی شەقڵاوە تیمەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستی بەسەر پەنابەرانی شنگالدا دابەش دەكەن، هاوكات لە لە شارۆچكەی ئامێدی و دێرەلووك و سەرسنگ بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی نان و معەلەبات و مرەبا و شەكر و كێك بەسەر خێزانی ئاوارەی ئێزدی و مەسیحیدا دابەش دەكرێت.
لە شارۆچكەی شەقڵاوەیش بەپێی خشتەیەكی یەك مانگی دەست كراوە بە دابەشكردنی خۆراكی مانگی دووەم بەسەر 7 هەزار خێزانی پەنابەردا كە رۆژانە 1000 خێزان بەشەخۆراكی مانگێكی تەواو وەردەگرن كە بریتییە لە 72 كیلۆگرام لە خۆراكی جۆراوجۆر.
لەلایەكی دیكەوە و لە كەمپی بەحركە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە لە رێگەی خواردنگەیەكەوە دوو ژەم خواردن بۆ زیاتر لە 2700 كەس دروست دەكات و بەسەریاندا دابەشی دەكات، هەروەها میوە و دۆڵابی پلاستیك و جلوبەرگی منداڵانی بەسەر 120 خێزاندا دابەش كرد، هەروەها دابەشكردنی شامپۆ و معەلەبات و نان بەردەوامی هەیە، جگە لە دابەشكردنی 3000 سێت ئاوی خواردنەوە بەسەر 600 خێزانی ناو كەمپەكەدا.
هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی (باشیك، مەخموور، پۆلیسی گوێڕ،فەرماندەیی گەرمیان) دروست دەكات، بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2300 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لە رێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان دەكرێ.