Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: پێشمەرگە توانی كۆتایی بە خەونی داگیركردنی كوردستان بێنێ

هەولێر-KDP.INFO-  (هێمن هەورامی) لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی كۆماری كۆریای باشوور رایگەیاند، خەونی داگیركردنی كوردستان لە لایەن داعشەوە كۆتایی هاتووە و پێشمەرگە هێرشەكانی راگرتوون. گوتیشی، داعش ئەو هەڕەشە گەوورەیەیە كە جیهانی هەژاندووە و لە ئێستاشدا تەنها پێشمەرگەیە وەك هێزێكی بەرجەستە، بەرامبەری راوەستاوە.
(هەورامی) زیاتر گوتی، "هاوكاری سوننەكان بۆ لەناوبردنی داعش لە مووسڵ و ناچەكانی تری عێراق زۆر پێویستە، پڕچەككردنی پێشمەرگە لە لایەن هاوپیمانەكانمانەوە مانای سەرەتای كۆتایی پێهێنانی تیرۆریستی داعشە لە ناوچەكە."
ئەم قسانەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی دەرەوەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پ د ك(هێمن هەورامی)، لە میانەی پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی كۆماری كۆریای باشوور لە هەولێر(چوو یۆنگ موو) بوو کە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبیش تێیدا ئامادە بوون.
لە سەرەتای دانیشتنەكەدا بەرپرسی مەكتەب بە ناوی سەركردایەتیی پاتییەوە پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی (چوو یۆنگ موو) وەك كۆنسووڵی گشتیی نوێی كۆماری كۆریای باشوور لە هەولێر كردوو و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
(هەورامی) دواتر باسی لە رووبەرووبوونەوەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بە هاوكاریی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دژ بە داعش. ئەوەشی خستە روو كە "ئەو خەونەی داعش بۆ داگیركردنی كوردستان هەیبوو، پێشمەرگە لە ناوی بردوو و لە ئاییندەیەكی نزیكیشدا بست بە بستی خاكی كوردستان لە تیرۆریستان پاك دەكەینەوە."
سەبارەت بە ناوچە سوننەنشینەكانیش (هەورامی) رایگەیاند: "هاوكاریی سوننەكان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان زۆر پێویستە و دەتوانن دەورێكی باڵا ببینن."
بەرپرسی مەكتەب ئەوەی خستە روو  كە، دەبێت هەموو جیهان درك بەوە بكات كە لە كوردستانەوە و بە لوولەی تفەنگی پێشمەرگە، ئاساییشی جیهان دەپارێزرێت، بۆیە، پێویستە هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان لە رووی سەربازی و مرۆییەوە چڕتر بكرێنەوە، چونكە، زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە روویان كردووەتە كوردستان، ئەمەیش لە توانای هەرێمی كوردستان زیاترە.
سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق (هێمن هەورامی)  بە شاندی میوانی راگەیاند، "ئەمجارە دەبێت دانوستانێكی واقعیانە بكرێت و رەچاوی پارسەنگی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەپێی ماددە دەستوورییەكان  بێت. دەبێت گۆڕانكاریی جیددی و پراكتیكی لە شێوەی بیركردنەوە و شێوازی حوكمڕانانی بەغدا ببینین." هەروەها ریگەیاند: "دەبێت بۆ پرسی جێبەجێبوونی ماددەی 140 و یاسای نەوت و گاز و پرسی پێشمەرگە و بووجەی هەرێم و ئاسمانی هەرێم گەرەنتی و رێكار و كاتی دیاریكراو هەبێت".
لە لایەن خۆیەوە كۆنسووڵی گشتیی كۆماری كۆریای باشوور دەستخۆشی و ستاییشی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری كوردستانی كرد بۆ دابینكردنی ئەو ئارامییەی كە لە كوردستاندا هەیە. ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هاوكارییە مرۆییەكان نیشان دا کە لە رابردوویشدا لە رێگای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە هاوكارییان گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان.
(چوو) خۆشحاڵیی وڵاتەكەیشی بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای زیاتر پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەی خواست.