Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕێكی بواری توندڕۆیی: بێ تێگەییشتن لە ململانێی سوننە و شیعە، تێگەییشتن لە پشتیوانیی بەرفراوانی داعش ئاسان نییە

هەولێر-KDP.INFO- چاودێرێكی سیاسیی پسپۆڕ لە بواری توندڕۆییدا دەڵێت، بێ تێگەییشتن لە ململانێی بەردەوامی نێوان شیعە و سوننە، ناشێت لە پشتیوانیی بەرفراوانی ڕێكخراوی داعش لە ناوچەكە تێ بگەین. گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایش داكۆكی لە سیاسەتی وڵاتەكەی دەكات و جەخت دەكاتەوە لەوەی واشنتۆن سوورە لەسەر ئەوەی لە هەموو ئەوانە دەدات كە دەستیان لەم پرسەدا هەیە.

بەرپرسی ناوەندی لێتوێژینەوەی توندڕۆیی سیاسی (پیتەر نیومن) بە "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاندووە، ناشێت خوێندنەوە بۆ سەركەوتنی داعش لە دەستەبەسەرداگرتنی ناوچەگەلێك و فراوانبوونی ڕێكخراوەكە بكرێت، بێئەوەی سەرنج بدرێتە دەركەوتە بنەڕەتییە نوێنەرایەتیكارەكان لە زیادبوونی بەرەوڕووبوونەوەی خوێناویی نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەكەدا.
(نیومن) زیاتر دەڵێ، "لەم ماوەیەی دوایی و لەسەر دەستی حكوومەتی عێراق، سوننە هەست بە پەراوێزخستن دەكات، پێیان وایە ئەمە هەڵوێستی ئاشكرای لایەنی شیعەیە، داعشیش ئەم توڕەییەی سوننەكانی قۆزتەوە تا خۆی پێ بەهێز بكات."
گوتیشی، "دەبێ هاوتای چارەی سەربازی چارەیەكی سیاسییش لە عێراق بدۆزرێتەوە، تا بوار بۆ سوننە لەبار بكرێ هەست بە بوونی خۆیان لە عێراقدا بكەن و ئاسوودە بن و وەهایان لێ بكرێ ناجار نەكرێن پشتیوانی لە داعش بكەن و شەڕ لەگەڵ شیعەدا بكەن."
لای خۆیەوە، گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە (ماریا هارف) ڕایگەیاند، "ئێمە ماوەیەكە چاودێریی ئەو ڕێكخراوە دەكەین و هەڵسەنگاندنمان بۆ هێزەكەیشی كردووە، لەگەڵ هاوپەیمانانیشمان بە كردەنی كار دەكەین، بە تایبەت لە سووریا، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕۆ، لە پێناو بەهێزكردنی تواناكانی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئێمەیش لە ڕێی ئاسمانییەوە لە عێراقدا گورز لەو ڕێكخراوە دەوەشێنین و بژاردەی دیكەیش لە بەردەستن بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ مەترسییەكانی ڕێكخراوەكە و هێزەكەی دابنێین."
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "حەز ناكەم جەخت لەو پرسیارانە بكەمەوە كە دەربارەی ئەوەن كە ئەگەر لە جیاتی شتێكی دی وامان كردبا گۆڕنكاری وەها نەدەبوو، ئێمە بە وردی كار لەسەر داعش دەكەین و هاوكاریی هاوپەیمانانمان بە كردەنی و لەسەر خاكی سووریادا دەكەین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی داعش و نوسرە و ڕژێمی (بەشار ئەسەد) ببنەوە، ئەم كارەیش بەرەوڕووی قورسایی دەبێتەوە، ئەوەی لە عێراق بینیمان پێشڕەویی داعش و بەرفراوانیی هێزەكەیەتی، عێراقییەكانیش خۆیان ئەو بۆشاییەیان پڕ كردووەتەوە و ئێمەیش پشتیوانییان دەكەین."
دەربارەی ئەو وادەیەیش كە بۆ پرۆسەكە پێویستە، (هارف) گوتی "بە ڕوونی دەیڵێم، ئەوەی كە هێرش بكاتە سەر ئەمەریكا، ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەری. هیچ كەس ناتوانێ خۆی لە سزاكانی ئەمەریكا دەرباز بكات، هەروەها شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستان درێژە دەكێشێ، بەڵام پێویستیش نییە ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بەردەوام لە چوارچێوەی بەرەنگاریی سەربازیدا بێت".
بەوەیش كۆتایی بە قسەكانی هێنا، "ئێمە پارێزگاری لە خۆمان دەكەین بەو گورزوەشاندنانەمان كە لە كات و ساتی خۆیاندا ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەسەرمانە ئەركی مەشقپێكردنی هێزە نێوخۆییەكان لە ئەستۆ بگرین، هێزە عێراقی و كوردییەكانیش، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی هاوبەشمان هەبێ، وەك ئەوەی لە یەمەن كردمان و هاوكاریی هێزە نێوخۆییەكانمان كرد دژ بە توندڕۆكان."

زریان زیاد