Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و پێداویستی بۆ 7500 پەنابەری شنگال و دەوروبەری دابین دەكات

دهۆك-kdp.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هەڵمەتەكانیدا لە دهۆك و شەقڵاوە و باعەدرێ و ئاكرێ و كەمپی بەحركە، خۆراك و پێداویستی و ژەمەخۆراك بۆ زیاتر لە 7500 پەنابەر و هێزی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان دروست دەكات.

رۆژی 26/8/2014 تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاكرێ و باعەدرێ لەگەڵ سەرژمێریكردنی پەنابەراندا كۆمەك و یارمەتی و خۆراكیان بەسەردا دابەش دەكات، لەوانە لە ئاكرێ و باعەدرێ 1000 خێزان خۆراكی خێرایان پێ درا، كە پێك هاتبوو لە گۆشتی سوور و گۆشتی مریشكی لەقوتوونراو و فاسۆلیا و مرەبای لەقوتوونراو، جگە لە دابەشكردنی خۆراك بەسەر 75 خێزانی ئاوارە لە لالش و دابەشكردنی 200 دۆشەك بەسەریاندا، هەر لەگەڵ دابەشكردنی یارمەتیەكاندا چێشخانەی لالش بەردەوامە لە دروستكردنی ژەمەخۆراكی نیوەڕۆیان و ئێواران بۆ پەنابەرانی شنگال و دەوروبەری.
لەلایەكی دیكەوە لە ناحیەی شیلادزێ و شارۆچكەی شەقڵاوە تیمەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستی بەسەر پەنابەرانی شنگالدا دابەش دەكات، هاوكات لە ناحیەی شیلادزێ ئۆفیسی دەزگا بەردەوامە لەسەر دابەشكردنی معەلەبات و سەموون و قاپ و قاچاخ بەسەر خێزانە پەنابەرەكاندا، هەروەها لە ناحیەكانی ئامێدی و دێرەلووك و سەرسەنگ بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی نان و معەلەبات و مرەبا و شەكر و كێك بەسەر خێزانی ئاوارەی ئێزدی و مەسیحیدا دابەش دەكرێت.
لە شارۆچكەی شەقڵاوەیش پاش كۆتاییهاتنی مانگی یەكەمی پڕۆژەی دابەشكردنی خۆراك بەسەر پەنابەراندا، دەست كرا بە دابەشكردنی خۆراكی مانگی دووەم بەسەر 7 هەزار خێزانی پەنابەردا كە رۆژانە 1000 خێزان بەشەخۆراكی مانگێكی تەواو وەردەگرن كە بریتییە لە 72 كیلۆگرام لە خۆراكی جۆراوجۆر.
لەلایەكی دیكەوە لە كەمپی بەحركە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە لە رێگەی خواردنگەیەكەوە دوو ژەم خواردن بۆ زیاتر لە 2700 كەس دروست دەكات و بەسەریاندا دابەشی دەكات، جگە لە دابەشكردنی 2500 سێت ئاوی خواردنەوە بەسەر 500 خێزانی ناو كەمپەكەدا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەروەها بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی (باشیك، مەخموور، پۆلیسی گوێڕ، فەرماندەیی گەرمیان) دروست دەكات، بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2300 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لە رێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان دەكرێ.