Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عارف قوربانی: دەگوترێ جەمیل بایك لەلایەن وڵاتانەوە ئاڕاستە دەكرێت.. مەترسیی هەیە پەكەكە لە دەست ئاپۆ دەربچێت

هەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی و نووسەر(عارف قوربانی)، باوەڕی وایە، هێرشەكەی (بایك) بۆ سەر پێشمەرگە ئەوە نیشان دەدات کە، كۆمەڵێك باڵی جیاواز لەناو پەكەكە هەبن.. ئەو دەڵێت، وەها باس دەکرێت "(بایك) نزیكترە لە وڵاتێكی دیاریكراو"، ئەم ئاماژەیەی ئەو چاودێرە سیاسییە نیشانی دەدات کە، دووریی(جەمیل بایک) و هاوشێوەکانی لە ئاراستەی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بۆ دۆزی کورد و پرسی چارەسەری، بەو واتایە بێ کە پێچەوانەی ئەو ئومێدەی كوردە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە کە توانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەركەوتن بە دەست بهێنێت.

ئەو نووسەرە دیارەی نزیک لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، هاوکات بە پێویستی دەزانێ، توركیا بۆ سەرخستنی ئاشتی لە وڵاتەكەی كار بكات بۆ ئەوەی ئەو هێزەی كە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانە لە توركیا هەیە، پەلە بكات بۆ ئازادكردنی (ئۆجەلان) بۆ ئەوەی ئەم هێزە لە دەستی (ئاپۆ) دەرنەچێت، ئەگەرنا دەچێتە دەستی خەڵكی دیكەوە.

لە دوادیداردا (جەمیل بایك) لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی توركیایی دەڵێت، "پێشمەرگە لەتاو پارە و ڤێللا هەستی شەڕكردن و بەرگریكردن لە نیشتمانیان لا نەماوە."
نووسەر و چاودێری سیاسی (عارف قوربانی) لەم ڕووەوە بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، "قسەكەی (بایك) لە كاتی خۆیدا نەبوو، چونكە ڕاستییەك هەیە نابێت بشاردرێتەوە، جۆرێك لە هەستیاری هەیە لە نێوان هێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و باكووردا، بەڵام ئەم شەڕەی داعش لێكەوتەكانی وا لێ كرد كە جۆرێك لە هەماهەنگی دروست ببێت و هێزە سیاسییەكانیش ئەو تەشەنوجاتەیان لە بیر خۆیان ببەنەوە كە خەمی گەورەیان خەمی پارێزگارییە لە كوردستان، بەڵام ئەم قسانە سەرلەنوێ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دۆخەی هەموومان پێی بێتاقەتین، من هیوادارم سەركردە سیاسییەكانی كوردستان لە ئاستی ئەو دۆخە هەستیارەدا بن كە ئەمڕۆ، ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، بە تایبەتی ڕەوشێكی دیاریكراو لە باشووری كوردستاندا هەیە و من وای ناو دەنێم ئەمە ژانی لەدایكبوونێكی گەورەیە بۆ كورد، هیوادارم لەم دۆخەدا هیچ قسەكردن و لێدوانێك نەبێتە برین لە جەستەی نیشتمان".
لەبارەی كاتی هێرشەكەی (بایك) و گومان لە چۆنیەتیی لێدوانەكە، (قوربانی) ئەوەی خستە ڕوو كە، "جۆرێك لە دابەشبوونی هێزە سیاسییە كوردییەكان هەیە بەسەر هێزە هەرێمییەكاندا، سەرباری ئەوەی (ئاپۆ) لە ئیمراڵییە، خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی ئاشتیی ئەو بەشە دەكات كە بەر كورد دەكەوێت، بەڵام ڕەنگە كۆمەڵێك باڵی جیاواز لەناو پەكەكە هەبن كە لە شوێنی دیكەوە ئاراستە دەكرێن، قسەكەیش بەو شێوە دەكرێت كە (بایك) نزیكترە لە وڵاتێكی دیاریكراو لەوەی نزیكتر بێت لە ئاراستەی (ئۆجەلان)، ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت كە بە دیوێكدا جۆرێك لە ئومێد هەیە كورد لە ڕووی دیپلۆماسییەوە توانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەركەوتن بە دەست بهێنێت، بۆیە هەندێك وڵات تەمەننای ئەوەیان دەكرد كە كورد خوازیاری ئەوە بێت پەنا بۆ ئەوان بەرێت نەك هێزی نێودەوڵەتی.
گوتیشی، "توركیا پێویستە بۆ سەرخستنی ئاشتی لە وڵاتەكەی كار بكات بۆ ئەوەی ئەم هێزەی كە باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانە لە توركیا هەیە، پەلە بكات بۆ ئازادكردنی (ئۆجەلان) بۆ ئەوەی ئەم هێزە لە دەستی (ئاپۆ) دەرنەچێت، ئەگەرنا دەچێتە دەستی خەڵكی دیكەوە".