Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنی زەرد داوای بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدی و مەسیحییەكان دەكات

هەولێر-kdp.info- فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەیاسایەك سەبارەت بە كارەساتی مرۆیی و كۆمەڵكوژیی ئێزدی و مەسیحییەكان و بەجینۆسایدناساندنیان پێشكەش بە پەرلەمان دەكات و داوایش دەكرێت رۆژێك بۆ ئەم مەبەستە دیاری بكرێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان(ئومێد خۆشناو) بۆ KDP.INFO دەڵێت، "پڕۆژەیاسایەكمان بۆ دەركردنی بریارێك بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو سەبارەت بە كارەساتی مرۆیی كوردانی ئێزدی و مەسیحییەكان و بەجینۆسایدناساندنیان پێشكەش بە پەرلەمان كردووە. پێویستە پەرلەمانیش لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار هەرچی زووە كار بۆ ئەوە بكات دادگەیەكی نێودەوڵەتی یان تایبەت یاخود ناوخۆیی، تاوانباران دادگەیی بكات و لێكۆڵینەوەی ورد لەم تاوانە بكرێت".
(خۆشناو) باسی لە ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسایەكە كرد و گوتی، "لە پڕۆژەیاساكەدا ئاماژەمان بە پیلانی ئاماجدار و لەناوبردنی كوردانی ئێزدی و پیلانی گشتگیری كوشتنی ئێزدییەكان كردووە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە سەدان هەزاران كەس و گەمارۆدانی ژن و منداڵ و بەساڵداچووان و گوللەبارانكردنیان و بەكارهێنانی هەموو چەشنە توندوتیژییەكی جەستەیی و دەروونی بەرامبەر بە ئافرەتان و ئەشكەنجەدانیان، بۆردوومان و ڕووخاندنی شوێنەواری ژیاری و ئایینی و شوێنە پیرۆزەكان و هەڵمەتی سوتماككردن و قڕكردنیان لەلایەن چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە كە بەرامبەر پێكهاتە ئایینییەكانی دیكەیش كراوە".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد گوتیشی، "پێویستە پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات بەڵگەنامە و دۆكیومێنتەكانی تایبەت بەو تاوانە كۆ بكاتەوە و رێكیان بخات و لەگەڵ دەسەڵاتی راپەڕاندن لە هەرێمی كوردستان رێوشوێنی گونجاو بگرینە بەر بۆ رێگەگرتن لە مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە، دەبێ پەرلەمانیش لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار هەرچی زووە كار بۆ ئەوە بكات دادگەیەكی نێودەوڵەتی یان تایبەت یاخود ناوخۆیی، تاوانباران دادگەیی بكات و لێكۆڵینەوەی ورد لەم تاوانە بكرێت".
پێوەست بە بەرپرسیارەتیی حكوومەتی عێراقیش دەڵێت، "پێویستە داوا لە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بكرێت ئەركە  نێودەوڵەتییەكانی لەو بوارەدا ئەنجام بدات كە پشت بە ماددە 8-ی دەستووری عێراق دەبەستێت و ئەمەیش بەرپرسیارەتیی حكوومەتی عێراق دیاری دەكات، بۆیە دەبێ داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بكرێت بە دەركردنی یاسایەك بۆ قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەم رووداوە و هەروەها داوا لە كۆمەڵەی نێودەوڵەتییش بكرێت بۆ دانانی هێڵی پاراستن بۆ سنووری هەرێمی كوردستان". 
(خۆشناو) زیاتر گوتی، "داوا دەكەین رۆژێك بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی و كارەساتی مرۆیی كوردانی ئێزدی و مەسیحی و كەمەنەتەوەكانی دیكە دیاری بكرێت".