Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کوشتنی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکە ڕیسوا دەکات

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەربارەی کوشتنی ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی(جەیمس فۆڵی) ڕایدەگەیەنێت، لەکاتێکدا ئەو کارە ترسنۆکانەیەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە شەرمەزار دەکات ڕایشی دەگەیەنێت کە، ئەو کردەوە چەپەڵەیان جارێکی تر دەیسەلمێنێت کە ئەو گرووپە لە هەموو بەها و ئایین و ڕەوشتێک دوورن و لەناو بردنی ئەو تیرۆریستانە بووتە ئەرکێکی گرینگی کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
دەقی پەیامی ڕیسواکردنی کوشتنی ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی(جەیمس فۆڵی):
"گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی بەناو ئیسلامیی "داعش" لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کوشتنی جەیمس فۆڵی ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی ماڵپه‌ڕی گۆڵۆباڵیان ڕاگەیاندووە کە لە سووریا وەک ڕۆژنامەوانێکی بێلایەن کاری دەکرد و نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندرابوو. پاساوی تیرۆریستان بۆ کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییە ئەوەیە کە گوایە لە تۆڵەی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئەمەریکایە بۆسەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ.
ئێمە لەکاتێکدا ئەو کارە ترسنۆکانەیەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە شەرمەزار دەکەین ڕای دەگەیەنین کە ئەو کردەوە چەپەڵەیان جارێکی تر دەیسەلمێنێت کە ئەو گرووپە لە هەموو بەها و ئایین و ڕەوشتێک دوورن و لەناو بردنی ئەو تیرۆریستانە بووتە ئەرکێکی گرینگی کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
20/8/2014"