Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا: بۆ هاوکاریی پێشمەرگە، كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپادا هەیە

هەولێر-KDP.INFO-  سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا جەختی كردەوە كە، كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپادا هەیە كە لە ڕووی سەربازی و مرۆیی هاریكاریی هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەت و گەلی كوردستان بن. لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیای كرد و ڕایگەیاند "هاوپەیمانی و پشتگیریی ئەورووپا و ئیتالیا، وا دەكات گەلەكەمان هێز و ئومێدێكی زیاتری هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، و هیوایشی خواست، پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا(ماتێیۆ ڕێنزی) و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە مەراسمێكی فەرمیدا لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێ كرا و پاشان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-دا كۆ بووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە سەرۆكی حكوومەت(نێچیرڤان بارزانی) و جێگری سەرۆكی حكوومەت(قوباد تاڵەبانی) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفای سەید قادر) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت(فەلاح مستەفا) و و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان(خاتوو ڕێزان حەمەساڵح) ئامادەی بوون، سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی بۆ كوردستان ڕاگەیاند و (سەرۆك بارزانی)-یش بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیاندا دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستان و بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان خرایە بەرباس و گفتوگۆ و سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا ئەوەی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە پارلەمانی ئیتالیا بڕیاری داوە كە ئیتالیا پشتگیریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی كوردستان بكات لە دژی شەڕی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختی كردەوە كە كۆدەنگی و ئیرادەیەكی بەهێز لەنێو وڵاتانی یەكیەتیی ئەورووپا هەیە كە لە ڕووی سەربازی و مرۆیی هاریكاریی هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەت و گەلی كوردستان بن. لەم دانیشتنەدا سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا بە ناوی خۆی وەك وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و سەرۆكی دەوریی یەكیەتیی ئەورووپا لە گەڕی داهاتوو بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە "ئێوە لەم شەڕەدا تەنیا نین و شەڕی ئێوە شەڕی ئێمەیشە و سەركەوتنی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا سەركەوتنی ئێمەیە"، هاوکات ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ كوردستان خستەڕوو كە بریتی بوو گەیاندنی پەیامی پاڵپشتیی ئەورووپا و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان و هەروەها ئاگاداربوون لەوەی چۆن بتوانن لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكاریی كوردستان بكەن.
سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا زۆر ڕاشكاوانە ڕایگەیاند كە، بڕیاریان داوە چەك و هاوكاریی مرۆیی بدەنە كوردستان و هانی كۆمپانیاكانی ئیتالیا دەدات لە كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن و ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسیشیان لە نوێنەرایەتی بۆ كردنەوەی كۆنسووڵخانە لە هەولێر بەرز بكەنەوە. سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا هیوایشی خواست (سەرۆك بارزانی) لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی ئیتالیا بكات.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیای كرد و وێڕای شیكردنەوەی چۆنییەتی پەلاماری تیرۆریستان و ڕەوشی ئاوارەكان و هێزی پێشمەرگە، ڕایگەیاند كە "هاوپەیمانی و پشتگیریی ئەورووپا و ئیتالیا، وا دەكات گەلەكەمان هێز و ئومێدێكی زیاتری هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، و هیوایشی خواست، پەیوەندییەكانی ئیتالیا و كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینێت.
سەبارەت بە هاتنی ئاوارەكان بۆ كوردستان (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ یارمەتیدان و ئیدارەكردنی ڕەوشیان دەیكەین"، ئاماژەیشی دا، "بۆ كوردستان جێگەی شانازییە كە كۆمەڵگەییەكی فرەئایین و فرەنەتەوەی هەیە و بە هەموو توانایەك پارێزگاری لەم فرەییە دەكەین."