Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: هەرێم لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشدار دەبێ و دانوستانیش دەست پێ دەکەن

هەولێر-KDP.INFO-  (نێچیرڤان بارزانى) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبناندا، دۆخى سیاسیى عێراق، پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى تازه‌ى له‌ به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و لوبنانیان خسته‌ به‌ر باس و، سەرۆکوەزیران، گۆڕانگاریى ته‌واوی له‌ شێوازى حوكمڕانى له‌ عێراق و چارەکردنی پرسه‌ سیاسییه‌كانی بە پێویست زانین، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى به‌رده‌وام بێت. جه‌ختیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا ده‌كات و دانوستان و گفتوگۆكان ده‌ست پێ ده‌كات.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) پێشوازى له‌ وەزیری دەرەوەی لوبنان(جوبران باسیل) و شاندێكی یاوەری كرد.

سه‌رۆكوه‌زیران خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه ده‌ربڕى كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانى وه‌زیرێكى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بییه‌ دواى ئه‌م بارودۆخه تازه‌یه‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ ڕووبه‌ڕووى هێرشى تیرۆریستان بوونه‌ته‌وه‌، وه‌زیرى میوانیش سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ نیشانه‌ى پشتگیرى و هاوسۆزى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌ردوولا دۆخى سیاسیى عێراق و كاریگه‌ریى كۆنترۆڵكردنى به‌شێكى عێراقیان له‌ لایه‌ن تیرۆریستانى داعشه‌وه‌ تاوتوو كرد. هه‌روه‌ها پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى تازه‌ى له‌ به‌غدا و گرینگیى به‌شدارییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق له‌و كابینه‌یه‌دا و به‌تایبه‌تى به‌شداریى كاراى پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى شیعه‌ و سوننه‌ و كورد خرایه‌ به‌ر باس.

(نێچیرڤان بارزانى) داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ گۆڕانگاریى ته‌واو له‌ شێوازى حوكمڕانى له‌ عێراقدا بكرێت و پرسه‌ سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى به‌رده‌وام بێت. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا ده‌كات و دانوستان و گفتوگۆكان ده‌ست پێ ده‌كات.

سه‌ۆكوه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان شانازى به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى ده‌كات كه‌ به‌ هه‌زاران ساڵه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌نده‌ به‌ پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستى بێت درێخى ناكات بۆ به‌رده‌وامبوونى.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و لوبنان ته‌وه‌رێكى دیكه‌ دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ژماره‌ى زۆرى ڕه‌وه‌ندى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و چالاكییه‌ بازرگانى و ئابوورییانه‌ى له‌ بواره‌ جیاكاندا ئه‌نجامى ده‌ده‌ن و به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه ‌و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌كه‌ن. باسكردن له‌ ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك كاره‌ساتێكى مرۆیییه‌، به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.